ئاسۆ مامەند: هەر کەرکووکییەک بەشداری دەنگدان نەکات غەدر لە کورد دەکات

رووداو - هەولێر 

لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و بەشدارییکردنی خەڵکی کەرکووک لە دەنگدان رایگەیاند، هەر یەکێک لە کوردستانیانی کەرکووک بڵێت بەشداری دەنگدان ناکەم غەدر لە خۆی و لە کورد دەکات.


ئاسۆ مامەند، لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کوردستانیانی کەرکووک لەوە تێدەگەن ئەو هەڵبژاردنە بۆ هەموو تاکێکی کورد لەو شارە زۆر گرنگە، بۆیە دەبینین جۆش و خرۆشێکی زۆر هەیە، داواش دەکەم لە کوردستانیانی کەرکووک ئەمڕۆ بە هەر نرخێکە بە هەر شێوەیەکە ئەگەر لە شوێنێک ئامێرەکانیش پەکیان کەوتووە دان بەخۆیاندا بگرن و هەوڵ بدەن دەنگەکانیان بەفیڕۆ نەڕوات".

رووداو: بەدەنگەوەچوونی خەڵک لە کەرکووک چۆن دەبینن، ئەوەندەی بنکەکانتان بەسەرکردووەتەوە ؟

ئاسۆ مامەند: کوردستانیانی کەرکووک لەوە تێدەگەن ئەو هەڵبژاردنە بۆ هەموو تاکێکی کورد لەو شارە زۆر گرنگە، بۆیە دەبینین جۆش و خرۆشێکی زۆر هەیە، داواش دەکەم لە کوردستانیانی کەرکووک ئەمڕۆ بە هەر نرخێکە بە هەر شێوەیەکە ئەگەر لە شوێنێک ئامێرەکانیش پەکیان کەوتووە دان بەخۆیاندا بگرن و هەوڵ بدەن دەنگەکانیان بەفیڕۆ نەڕوات. هەر یەکێک لە کوردستانیانی کەرکووک بڵێ بەشداری لە دەنگدان ناکەم ئەوا غەدر لە خۆی و لە کورد دەکات، دەتوانم بڵێم غەدرێک و خیانەتێکی گەورەیە، چونکە ئێمە دەزانین ئەو هەڵبژاردنە بۆ کوردستانیانی کەرکووک چەند چارەنووسسازە، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە دەبینین خەڵک هەمووی بە جلی کوردییەوە دەبینن تەحەدایەکە، بڕۆن لە حەویجە و لە کەمپەکان چۆن هەوڵ دەدەن ساختەکاری بکەن، ئێمە ژمارەیەک پێشێلکاریمان تۆمارکردووە، ئەم یەکدوو رۆژەش فشارێکی زۆریان هەبوو بۆ ئەوەی بەبێ بایۆمەتری، خۆتان دەزانن حەویجە و ئەو شوێنانە بایۆمەتری نەکردووە بەبێ ئامێر مەرامەکەیان بۆ ئەوەبوو بە کەیفی خۆیان ئەمجارە قورسە چاودێرانی کیانی سیاسی کوردی بڕواتە ئەو شوێنانە، بەڵام دەبێت کوردستانیانی کەرکووک لەوە تێبگەن، دەزانن ئەو هەڵبژاردنە بۆ کەرکووک و کەرکووکییەکان چارەنووسسازە.

رووداو: ئەو پێشێلکاریانەی باستکرد لە سنووری حەویجە و ئەو شوێنانە کراوە، ئایا کاریگەری لەسەر دەنگدانی کەرکووک دەبێت، یاخود کۆمیسیۆن لەوە بەئاگایە و رەنگە بەدەم سکاڵاکانەوە بڕوات؟

ئاسۆ مامەند: ئێمە بەڵگەمان لەلایە و بە دڵنیاییەوە سکاڵامان تۆمارکردووە، داوا لە کۆمیسیۆن دەکەین بەڕاستی لە هەندێک شوێنی گەڕەکی کوردی هەندێک ئامێریان پەکی کەوتووە بە زووترین کاتی چاکی بکەنەوە، یان بەشی چاککردنەوە بچێت بۆیان چاک بکاتەوە.

رووداو: زۆر قسە لەدوای هەڵبژاردنەکان دەکرێت، بەڕای ئێوە کورد چۆن بەرەو بەغدا بچێت بە تایبەت دۆخی کەرکووک و ئەو ناوچانە هێشتا دۆخی ناجێگیرە و خەڵک هێشتا ئەو ئازادییەی نەماوە، چۆن چارەسەری ئەو دۆخە بکرێت ؟

ئاسۆ مامەند: یەکڕیزی نێوماڵی کورد زۆر گرنگە، سەرەڕای ئەوەی ئەو ماوەیە هەڵمەتی هەڵبژاردن هەبوو، بەڵام گرنگە دوای هەڵبژاردن کورد وەکو یەک تیم بڕواتە بەغدا بۆ ئەوەی مافە دەستووری و یاساییەکانمان بەدەست بهێنین.

بەیانی رۆژی شەممە 12-5-2018 پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو لەسەرجەم پارێزگاكانی عێراق و باشووری كوردستان دەستیپێكرد و کۆمیسیۆنیش رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک کاتی دەنگدان درێژ ناکرێتەوە و دوای ماوەیەکیش لە داخرانی بنکەکانی دەنگدان ئەنجامەکان رادەگەیێنین.


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن