خوشکی گەورەی لەیلا قاسم چیرۆکی دەستگیرکردن و لەسێدارەدانی لەیلا دەگێڕێتەوە
رووداو- هەولێر
تاوەکو ساڵی 1974 هیچ ئافرەتێک لە عێراق لەسێدارە نەدرابوو، لەو ساڵەشدا یەکەم ئافرەت کە ملی بەر پەستی سێدارە کەوت، لەیلا قاسم بوو.
خوشکی گەورەی لەیلا قاسم چیرۆکی دەستگیرکردن و لەسێدارەدانی لەیلای خوشکی دەگێڕێتەوە، دەڵێ ئەو رۆژەی کە دەستگیریان کردووە، ئەو لە ماڵەوە نەبووە.
لەیلا قاسم، لە ساڵی 1952 لە گوندی بامیلی سەر بە قەزای خانەقین لەدایکبووە، لە ساڵی 1970 پەیوەندی بە یەکێتی قوتابیانی کوردستانەوە کردووە.
لەیلا قاسم، وەکو خۆی باسیکردووە بۆیە بەم شێوەیە خەباتی کردووە، تاوەکو بیسەلمێنێ کە ژنانیش دەتوانن لە پێناو نیشتماندا خەبات بکەن و خوێن بڕێژن.
لەیلا لە ساڵی 1971 لە بەشی کۆمەڵناسی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە، وەکو باسدەکرێ قوتابییەکی زیرەک بووە، بۆیە مامۆستاکان زۆر خۆشیاندەویست.
لە ساڵی 1974 لە سەرەتای تێکچوونی پەیوەندی سەرکردایەتی شۆڕش لەگەڵ حکومەتی عێراق، لەیلا قاسم لەگەڵ چوار هاوڕێی بە ناوەکانی "جەواد هەمەوەندی، نەریمان فواد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران" دەستگیرکران، راگەیاندنی بەعس لەیلا قاسمیان وەکو گێرەشێوێن و تیرۆریست ناساند، بەبێ ئەوەی خۆی دانی پێدابنێ.
پێش ئەوەی لەسێدارە بدرێ، لەیلا ئەگوستیلەکەی بە کەسێکی خەڵکی جەلەولا بۆ خوشکەکەی دەنێرێتەوە.
لە کاژێر 7ی بەرەبەیانی 12/5/1974، لەیلا قاسم و هەرچوار هاوڕێکەی لەلایەن رژێمی بەعسەوە لەسێدارەدران.
ھەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم، لە میدیا جیهانییەکانی ئەوکات بڵاوکرایەوەو لەسێدارەدانی لەیلا قاسم، وەکو لەسێدارەدانی یەکەم ژن لە مێژووی سیاسی عێراق لە میدیاکان بڵاوکرایەوە.
بەپێی گێڕانەوەکان، ئەوکاتەی لەیلا قاسم لە بەندیخانە بووە، داوای لە دایکی کردووە، ئەگەر ئەو جارە سەردانی کرد، مقەستێک و جلە کوردییەکەی بۆ بێنن، دایکیشی بۆی دێنێ، بە مقەستەکە کەمێک لە قژی خۆی دەبڕێ و دەیداتە دایکی پێی دەڵێ وەکو یادگاری لەلای خۆت هەڵیبگرە، چونکە چەند رۆژێکی دیکە دەگەمە کاروانی شەهیدان و بە جلی کوردییەوە دەبمە بووکی کوردستان.
لەو کاتەوە نازناوی بوکی کوردستان، بۆ لەیلا قاسم یەکلایی کراوەتەوە.