دەبەپە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: نەقۆستنەوەی ئەم دەرفەتە، کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاشتیی کۆمەڵگە دەبێت

12-04-2025
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) کە یەکێک لە ئەندامانی شاندی ئیمراڵی بوو بۆ هەرێمی کوردستان، دەڵێت، "یەکەمین هەنگاو بۆ پرۆسەی چارەسەری، ئازادیی بەڕێز ئۆجەلان و هەڵگرتنی گۆشەگیرییەتی."
 
کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) رۆژی شەممە، 12ی نیسانی 2025 لەبارەی پرۆسەی چارەسەری بۆ رۆژنامەیەکی تورکیا قسەی کرد.
 
هاوسەرۆکی دەبەپە لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان گوتی، "بۆ رەخساندنی گفتوگۆ لەپێناوی چارەسەرێکی ئاشتییانەدا هەنگاوێکی گرنگ بوو، هەروەها زەوینەیەکی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و کێشەکانی دیکەی رۆژهەڵات نێوەڕاست سازکرد."
 
شاندەکە رۆژی 27ی شوباتی ئەم ساڵ پەیامێکی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بە رای گشتی راگەیاند، کە تێیدا داوای لە پەکەکە کرد "کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت."
 
پەکەکە دوای دوو رۆژ لە پەیامەکە رایگەیاند، بەو مەرجەی ئۆجەلان خۆی بەشداری لە کۆنگرەکە بکات، پابەندی پەیامەکەی دەبێت.
 
هاوسەرۆکی دەبەپە پێیوایە، دەبێت حکومەتی تورکیا هەنگاوی کردەیی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری بنێت. دەشڵێت، نابێت پرۆسەی چارەسەری بۆ هیچ مەبەست و بەرژەوەندییەکی سیاسی بەکاربهێندرێت و رایگەیاند، "نەقۆستنەوەی ئەم دەرفەتە، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئاشتیی کۆمەڵگە، چاکسازییەکانی بواری ئابووری و دیموکراسیش دەبێت."
 
بایندر رایگەیاند، یەکەمین هەنگاو کە پێویستە حکومەتی تورکیا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری بینێت، "ئازادیی بەڕێز ئۆجەلان و هەڵگرتنی گۆشەرییە."
 
سەبارەت بە هەنگاوی دیکەی حکومەتی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەری، کەسکین بایندر دەڵێت، "پێویستە حکومەت لەبارەی ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان، بەتایبەتی زیندانییە نەخۆشەکان، هەنگاوی کردەیی بنێت، ئەوەش بۆ بەرقەرارکردنی دادپەروەری و ئاشتیی کۆمەڵگە، رۆڵێکی گرنگی دەبێت."
 
هاوسەرۆکی دەبەپە لەبارەی سەردانی شاندی ئیمراڵی بۆ هەرێمی کوردستان کە خۆشی ئەندامی شاندەکە بوو، گوتی، "ئەو کۆبوونەوانەی کردمانن، دەرخەری ئەوە بوون، بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجەلان، کاریگەری و رۆڵێکی گرنگی لەسەر گەلی کورد و یەکێتیی نەتەوەیی کورد هەبووە."
 
شاندی دەم پارتیی ئیمرالی رۆژی 15ی شوباتی 2025 گەیشتە هەرێمی کوردستان و بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە