وەزارەتی کارەبا: لە رۆژانی جەژندا 18 بۆ 19 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەبووە

12-04-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە رۆژانی جەژندا رۆژانە بە تێکڕا 18 بۆ 19 کاژێر کارەبا دراوەتە هاووڵاتیان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کارەبای گەرمیانیش دەڵێت: "بەراورد بە رۆژانی پێش جەژن، جیاوازیی زۆر لە پێدانی کارەبا هەبوو."
 
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە ژمارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا بە تێکڕا 18 بۆ 19 کاتژمێر کارەبا دراوەتە هاووڵاتیان."
 
بەپێی داتاکانی وەزارەتی کارەبا لە رۆژانی جەژندا زۆرترین کارەبا بە گەرمیان دراوە، کە لە شەو و رۆژێکدا 22 کاژێر بووە، لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک رۆژانە وەکو یەک کارەبا دراوە کە بڕی 18 کاژێر بووە.
 
ئالان ئەرکان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای گەرمیان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی لە ناوچەی گەرمیان پلەی گەرما بەراورد بە ناوچەکانی دیکە زیاتر بەرز بووەتەوە، بۆیە بڕی پێدانی رۆژانەی کارەبا لەوێ زیاترە.
 
گوتەبێژی کارەبای گەرمیان گوتی: "پێش دوو  بۆ سێ مانگ لەمەوبەر رۆژانە 9 بۆ 10 کاژێر کارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتیان دراوە، بەڵام دوو هەفتە پێش جەژن ئەو بڕە لەنێوان 13 بۆ 14 کاژێر بووە."
 
بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ هەزار و 500 مێگاواتە، ئەو بڕە دەدرێتە کەرتی تایبەت و زیاتر لە ملیۆنێک و 900 هەزار هاوبەش.
 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە