لە کلکەسماق تانکەرێک وەرگەڕا و شوفێرەکەی گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو تانکەرێک لە لۆفەکانی کلکەسماق لە نێوان قەزای دووکان و کۆیە وەرگەڕا و شوفێرەکەی گیانی لەدەستدا.
رائید کۆسرەت عەبدوڵڵا حەمە، لێپرسراوی بنکەی هاتووچۆی دووکان بە رووداوی راگەیاند، کاژێر 12:20 خولەکی شەوی 12-04-2024 تانکەرێک لە کۆیە بەرەو دووکان هاتووە بەڵام، لە لۆفەکانی کلکەسماق وەرگەڕاوە و بەهۆیەوە شۆفێری بارهەڵگرەکە گیانی لەدەستداوە.
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، لێپرسراوی بنکەی هاتووچۆی دووکان گوتی، "هۆکارەکە بێئاگایی شۆفێرەکە بووە یان خەوی لێکەوتووە، چونکە هیچ بەربەستێک لەبەردەمی نەبووە"
بە گوتەی رائید کۆسرەت، تانکەرەکە نەفتای تێدابووە و لێی رژاوە و تێکەڵی زێی دووکان بووە، تیمەکانی شارەوانی شەو بەربەستیان بۆ دروستکرد بۆ ئەوەی زۆر تێکەڵ بە زێیەکە نەبێت، بۆیە رێژەیەکی کەمی تێکەڵبووە.
شۆفێرەکە کوردە و خەڵکی بێستانەیە لە کۆیە، لەدایکبووی ساڵی 1997ـە.
لێپرسراوی بنکەی هاتووچۆی دووکان گوتی: "هاتووچۆی بارهەڵگرەکان بەو رێگەیەدا قەدەخەیە، بەڵام نازانین هۆکار چییە و چۆن ئەو تانکەرە بەو رێگەیەدا هاتووە."