کەشناسی: بارانبارین بەردەوام دەبێت


رووداو دیجیتاڵ 

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بارانبارین لەسەرجەم ناوچەکان بەردەوام دەبێت و هەورە برووسکەشی لەگەڵ دەبێت.
 
بەپێی پێشبینییەکانی بەشی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کە ئەمڕۆ چوارشەممە 12-04-2023 بڵاویکردووەتەوە، "بارانبارین لە سەرجەم ناوچەکان بەردەوام دەبێت و بارانی بەلێزمە و هەورە برووسکەشی لەگەڵ دەبێت. ئێواری ئەمڕۆ لە سنوورى پارێزگاکانى سلێمانى، هەڵەبجە، ئیدارەى گەرمیان و بەشێک لە سنوورى پارێزگاى کەرکووک بارانى بەلێزمە و بەهێز دەبارێت و زۆرترین بارانى پێشبینیکراویش لەشەودا لە ناوچەکانى بەرزنجە، پێنجوێن، قەرەداغ، دەربەندیخان، ئیدارەى گەرمیان، کەلار و کفرى دەبێت." 
 
کەشناسی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمڕۆ خێرایى با لە کاتەکانى دوانیوەڕۆ چالاک دەبێتەوە بۆ سەرووى 40 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا و پلەی گەرما بەراورد بە دوێنێ، دوو بۆ سێ پلە نزمدەبێتەوە. 
 
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، سبەی بارانبارین کەم دەبێتەوە و ناوە ناوە بارانبارینی مامناوەند دەبێت و هەندێک کاتیش لێزمە باران دەبێت، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان. 
 
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەماوەکانی رابردوودا بەهۆی نزمی ئەو پاڵەپەستۆیەی ناوچەکەی گرتەوە شەپۆلێکی بارانبارین زۆربەی ناوچەکانی گرتەوە. ئەمە بارانی بەهارە و بارانی بەهارەش بەوە ناسراوە کە زۆرجار دەرئەنجامی کاریگەری ئەو ناسەقامگیرییەی کەشوهەوایە کە زۆرجار بەشێوەی لێزمە باران و بارانی بەخوڕ دەبێت." 
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی، بارانبارین ئەمڕۆش زۆرجار بەشێوەی لێزمەباران دەبێت و دەشڵێت: "لەماوەی 24 کاژێری رابردوودا لە سەنتەری شاری سلێمانی 21 ملیم باران تۆمارکراوە و کۆی گشتیی بارانبارین 608.7 ملیمە، لەکاتێکدا وەرزی بارینی رابردوو تاوەکو ئەم کاتە 387 ملیم بارانباری بوو." 
 
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی پێنجشەممە بەم جۆرەیە:
 
هەولێر؛ 20 پلەى سیلیزى
سلێمانی؛ 18 پلەى سیلیزى
دهۆک؛ 17 پلەى سیلیزى
کەرکووک؛ 23 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە؛ 21 پلەى سیلیزى
زاخۆ؛ 18 پلەى سیلیزى
سۆران؛ 18 پلەى سیلیزى
گەرمیان؛ 27 پلەى سیلیزى