تورکمان زیاتر لە ناوێکیان وەک بەربژێریان بۆ ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران داوەتە پەرلەمان


رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، پێکهاتەی تورکمان زیاتر لە ناوێکیان بۆ پەرلەمانی کوردستان ناردووە بۆ ئەوەی کەسێکیان بە دەنگدان لە پەرلەمان وەک ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران هەڵبژێردرێت، بەڵام زۆربەیان پاڵپشتی لە بەربژێرێک دەکەن بۆ ئەوەی لە شوێنی سەباح كورەچی، ئەندامی كۆچكردووی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران متمانەی پەرلەمان وەربگرێت و دەستبەکاربێت. 
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، پێکهاتەی تورکمان زیاتر لە ناوێکیان داوەتە پەرلەمانی کوردستان، بەڵام ژمارەیەکی زۆریان پشتگیری لە كامەران نەشئەت، نوێنەری پێشووی توركمان لە لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان دەکەن بۆ ئەوەی لە شوێنی سەیاح كورەچی، ئەندامی كۆچكردووی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران متمانەی پەرلەمانتاران وەربگرێت و دەستبەکاربێت. 
 
مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەربژێرمان زۆرە، واتە زیاد لە سیڤییەکمان ناردووەتە پەرلەمانی کوردستان و دواتر بابەتەکە لە پەرلەمان بە دەنگدان یەکلایی دەکرێتەوە."
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2014 پێکهاتووە؛ ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی نۆ ئەندامی هەیە کە ئێستا دوو ئەندامی لەسەر پشکی پارتی نەماون، ئەوانیش جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەباح کورەچی کە بە کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد. 
 
دووشەممەی رابردوو پارتی دیموکراتی کوردستان سیڤی بەهجەت ئاڤدەلی ئاراستەی پەرلەمان کرد. هاوار محەممەد، گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی بە رووداوی گوت، "بەهجەت ئاڤدەل کە لە رابردوودا وەکو چالاکڤانێکی مەدەنی و کەسایەتییەکی ئەکادیمی کاری کردووە، ناوەکەی دەدرێتە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان. ئەو هاونیشتمانییە دەچێتە شوێنی جووتیار عادل کە ئێستا پۆستی دیکەی هەیە و لە کۆمیسیۆن نەماوە."
 
لە 5ی تاوەکو 12ی نیسان دەرگای خۆ بەربژێکردن بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کرایەوە. تاوەکو ئێستا 15 کەس سیڤییان ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کردووە، بڕیارە سبەی لیژنەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن کۆببێتەوە و ئەو سیڤییانەی پێدەدرێت بۆ ئەوەی ناوەکان جیابکرێنەوە و بدرێنە سەرۆکایەتیی پەرلەمان.