رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری لوڕستان بە سەرنجدان بە بارینی بارانی بەلێزمە لەم رۆژانەدا رایگەیاند، ئەو گوندانەی مەترسییان لەسەرە، دەبێت چۆڵ بکرێن. لە پارێزگاکانی کرماشان و ورمێش هۆشداری دراوە کە ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.
ئەحمەدڕەزا داڵوەند، جێگری پارێزگاری لوڕستان دەڵێت: لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ناوەندی قەیرانی پارێزگای لوڕستاندا بڕیاردرا کە دانیشتووانی ئەو گوندانەی مەترسی لافاویان لەسەرە بۆ شوێنی جێگەی دڵنیایی بگوازرێنەوە.
پێشبینی دەکرێت زۆرترین بڕی باران لە ناوچەی باشووری پۆلدوختەر لە پارێزگای لوڕستان ببارێت و لافاوی تێدا دروستبێت. تاوەکو ئێستا گوندی چەم گەز لە ناوچەی پۆلدوختەر لە ترسی دروستبوونی لافاو و خەڵکی گوندی گەنجەلی لە ترسی داتەپینی زەوی چۆڵکراون.
ئەحمەدڕەزا داڵوەند گوتی، دەبێت ناوچە مەترسی لەسەرەکانی شاری مەعمولانیش لە هەمان پارێزگا چۆڵ بکرێن.
بەرپرسانی پارێزگای لوڕستان ترسی ئەوەیان هەیە ئەوەی بەهاری ساڵی 2019 لە لوڕستان روویدا، دووبارە بێتەوە. سەرەتای نەورۆزی ساڵی 2019 لە پارێزگای لوڕستان لافاو دروستبوو و شارەکانی خوڕماوە، مەعمولان، کودەشت، پۆلدوختەر، نووراباد و دورودی گرتەوە.
بەپێی ئاماری فەرمی، لە لافاوەکەی بەهاری ساڵی 2019دا لانیکەم 15 کەس گیانیان لەدەستدا، 256 کەس بریندار بوون، 72 هەزار خانوو رووخان یان زیانیان بەرکەوت. لافاو هەروەها زیانی زۆری بە پرد و رێگەکانیش گەیاند.
مەهدی سابری، سەرۆکی کەشناسیی پارێزگای ورمێش دەڵێت، لە ئەمڕۆوە باران لەو پارێزگایەشدا دەستپێدەکات و ئەگەر دروستبوونی لافاو لە ئارادایە و داوای لە خەڵک کرد خۆیان لە گەشتی ناپێویست بەدووربگرن.
کەشناسیی پارێزگای کرماشانیش هۆشداریی دروستبوونی لافاوی راگەیاندووە و دەڵێت، دەکرێت لافاو زیان بە ژێرخانەکان بگەیێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ