سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی: یونامی پێشنیازی کردووە دوو کورسیی پێکهاتەکان لە سنووری سلێمانی بێت

12-04-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاند، یونامی پێشنیازی کردووە لە 11 کورسیی کۆتاکان دوو کورسییان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بن. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش دەڵێت، یونامی جگە لەو پێشنیازە پێشنیازێکی دیکەشی کردووە.

دوایین کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە ئاستی بەش و دەزگای هەڵبژاردن، رۆژی 5ـی ئەم مانگە بەڕێوەچوو و تێیدا شاندی یونامی بەشداری کرد و بڕیاریدا پێشنیازی خۆی لەبارەی شێوازی بەشداریی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بداتە یەکێتی و پارتی. 
 
رۆژی چوارشەممە، 12-04-2023، زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "یەکێتی پێشنیازی کرد چوار کورسیی پێکهاتەکان لە سلێمانی بن. پێکهاتەکانیش لە کۆبوونەوەکانی رابردوودا بەردەوام بۆچوونیان وەرگیراوە. یونامیش پێشنیازەکەی ئاراستە کردووین و داوا دەکات دوو کورسیی پێکهاتەکان کە یەکێک بۆ کریستیان و یەکێک بۆ تورکمانە لە سلێمانی بن."
 
بە گوتەی زیاد جەبار، "چاوەڕوانین پارتیش پێشنیازی خۆی پێشکێش بکات بۆ ئەوەی کۆببینەوە و لەبارەیەوە گفتوگۆ بکەین، بەڵام ئەگەر لەسەر قسەی خۆیان سوور بن، ئەوە نە یەکێتی و نە هیچ هێزێکی دیکەی سیاسی قبووڵی ناکات."
 
هەروەها زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رۆژی دووشەممە، 10-04-2023، میوانی بوولتەنی نیڤڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، رایگەیاند یونامی دوای کۆبوونەوەی 5ـی ئەم مانگە، دوو پێشنیازی داوەتە بەشی هەڵبژاردنی پارتی و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی. گوتیشی، ''پێشنیازێکیان ئەوەیە کورسییەک بۆ کریستیان و کورسییەک بۆ تورکمان لە پارێزگای سلێمانی دەستنیشان بکرێت و 9  کورسییەکەی دیکە لە پارێزگای هەولێر و دهۆک بێت."
 
بەگوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان؛ پێشنیازەکەی دیکەی یونامی ئەوەیە هەڵبژاردنی کورسیی کۆتاکان بە یەک بازنە بێت و دەڵێت: "زۆربەی پێکهاتەکان لەگەڵ ئەو پێشنیازەن."
 
لەبارەی پێشنیازەکانی یونامی، ئەمڕۆ چوارشەممە مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمانی نیگەرانی بەشێکی پێکهاتەکانی لەو بارەوە دەربڕی و بە رووداوی گوت: "دەبوو پێشنیازەکەیان ئاراستەی خاوەنی دۆسیەکە کردبا کە پێکهاتەکانن. رێگە نادەین هیچ حیزبێکی سیاسی کوردی لەبری ئێمە بڕیار بدات. پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لەبارەی شێوازی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدەن."
 
کاژێر 4:18ـی ئێوارەی رۆژی 7-4-2023، لە نزیک شوورەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تەقینەوەیەک روویدا کە بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە. دوای رووداوەکە پارتی و یەکێتی جارێکی دیکە لە رێگەی بەیاننامەوە هێرشیان کردە سەر یەکدی.
 
زیاد جەبار لەبارەی کاردانەوەکانی سەر رووداوەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی گوتی: "ئەو رووداوانە هۆکار نەبوونە بۆ کشانەوەمان لەو کۆبوونەوانەی تایبەتن بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، چونکە سەرۆکی یەکێتی دەستپێشخەری بۆ پرسی هەڵبژاردن کرد و وەک ناوی برد ئەوە پرسێکی نەتەوەییە و دەبێت جیابکرێتەوە لە کێشەکانی دیکە ئەگینا ئێمە زۆر کێشەی دیکەمان هەیە، بۆیە تا دوایین چرکە هەوڵ دەدەین کار لەسەر ئەو دەستپێشخەریەی سەرۆکی یەکێتی بکەین."
 
لەبارەی کۆبوونەوەی داهاتوویان لەگەڵ بەشی هەڵبژاردنی پارتی لەسەر پرسی هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن زیاد جەبار گوتی: "ئێمە پێشنیازی خۆمان کردووە و یونامیش بە هەمانشیوە پێشنیازی خۆی پێشکێشکردووین، چاوەڕوانین بزانین پارتی پێشنیازی چییە و داوای چی دەکات بۆ ئەوەی کۆببیتەوە."
 
پارتی: پێکهاتەکان هەر بڕیارێک بدەن پشتگیرییان دەکەین
 
بەرپرسانی پارتی جەخت لەوە دەکەنەوە پرسی شێوازی بەشداریکردنی پێکهاتەکان، پرسێکی نێوخۆیی پێکهاتەکانەوە و دەبێت بڕیارەکە بەدەست خۆیان بێت.
 
هاوار محەممەد، گوتەبێژ و بەرپرسی بەشی یاسایی لە بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت: "بە یونامیمان راگەیاندووە، بڕۆن لەگەڵ پێکهاتەکان کۆببنەوە پێکەوە هەر بڕیارێکتان دا و پەسەندکرا ئێمە وەک پارتی پشتگیریتان دەکەین و ئەوەی رای پێكهاتەکان و ئێوە بێت لەگەڵی دەبین، ئەوەندەش ئاگادار بم سبەی یونامی لەگەڵ پێکهاتەکان کۆ دەبێتەوە."
 
بەرپرسی بەشی یاسایی لە بەشی هەڵبژاردنی پارتی روونکردنەوەی لەسەر پێشنیازی یونامی دا و گوتی: "ئەوان دوو پێشنیازیان هەبووە، یەکەم دەڵێت بەپشتبەستن بەو کۆبوونەوانەی لەگەڵ پێکهاتەکان کردوومانە و لەسەر داواکاری ئەوان پێمان باشە شێوازی بەشدارییان لە هەڵبژاردن بە یەک بازنە بێت یاخود لە پێشنیازی دووەم دەڵێت، بۆ دەرچوون لەو چەقبەستووەی لە هەرێمی کوردستان بۆ بەرێوەچوونی هەڵبژاردن کراوە دوو کورسی پێکهاتەکان لە سلێمانی بێت."
 
بڕیاربوو رۆژی 01-10-2022 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بکرێت، بەڵام ناکۆکیی سیاسیی نێوان لایەنەکان لەسەر یاسای هەڵبژاردن، پێکهاتەی کۆمیسیۆن و شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە لەنێوان یەک بازنەیی و فرەبازنەییدا، بوونە هۆکاری دواکەوتنی هەڵبژاردن.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە رۆژی 18-11-2023ـی وەکو وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد، بەڵام بەرلەوەی هەڵبژاردن بکرێت، یاسای هەڵبژاردن پێویستی بە هەموارکردنەوەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنیش بە کاراکردنەوەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە