بەهۆی لافاو و داخرانی رێگەکان، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پشووی فەرمیی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی داخرانی بەشێكی زۆری رێگا سەرەكییەكان لە قەزا و ناحییەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەئەنجامی بارانی بەخوڕ و لافاو، سبەی پێنجشەممە (13-4-2023) لە سنووری ئیدارەکە، پشووی فەرمییە.
نووسینگەی تایبەتی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، رایگەیاند هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەکە، بڕیاریدا سبەی پێنجشەممە پشووی فەرمی بێت لە سەرجەم دامودەزگا حكومییەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، جگە لەو بەڕێوەبەراتی و فەرمانگانەی دەوامی ئێشكگرییان هەیە.
ئەو شەپۆلە بارانە بەخوڕ و ئەو رەشەبایەی چەند رۆژێک لەمەوبەر کەشناسان پێشبینیان کردبوو، ئەمڕۆ گەیشتنە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی کاریگەریی لەسەر ناوچەکانی پارێزگای دهۆک، هەروەها قەزای خەبات لە سنووری هەولێر هەبوو و زیانی بە چەندین ماڵ و دووکان گەیاندووە، هەروەها لە سنووری سۆرانیش بووەتە هۆی داخرانی رێگا سەرەکییەکان.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەشوهەوای سبەییشەوە هۆشداری داوە و دەڵێت، پێنجشەممە بارانی بەخوڕ و تەرزە دەبارێت و ئەگەری رەشەبای بەهێز هەیە.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە چوار قەزا پێکدێت (سۆران، رواندز، مێرگەسۆر و چۆمان) لەگەڵ 13 ناحیە و 797 گوند و، ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 350 ھەزار کەس دەبێت.
سنووری ئیدارەی سۆران ناوچەیەکی شاخاوییە و ژمارەیەکی زۆر ناوچەی گەشتیاری لەخۆدەگرێت، کە هەندێکیان لە بەناوبانگترین ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقن.