لە قوشتەپە هەورەبرووسکە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێک و برینداربوونی یەکێکی دیکە

رووداو دیجیتاڵ

لە گوندێکی سەر بە ناحیەی قوشتەپەی پارێزگای هەولێر، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 12-4-2023) هەورەبرووسکە لە دوو مێرمنداڵی دا، کە لەلای ئاژەڵەکانیان بوون، بەو هۆیەوە یەکێکیان گیانی لەدەستدا و ئەوی دیکەیان بریندار بوو.
 
ستار ئاغا عومەر، بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دوو مێرمنداڵ کە دانیشتووی گوندی گردەسۆری سەر بە ناحیەی قوشتەپەن و لەلای ئاژەڵ بوون، کاژێر دەوروبەری چواری پاشنیوەڕۆ هەورەبرووسکە لێیداون، بەو هۆیەوە یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و ئەوەی دیکەشیان برینداربووە، بەڵام برینەکەی سووکە و براوەتەوە ماڵەوە".
 
ئەو مێرمنداڵەی گیانی لەدەستداوە ناوی عەبدوڵڵا ئاکۆ رەشیدە، تەمەنی 17 ساڵ بووە و خوێندکاری پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی بووە.
 
عەبدوڵڵا دەبێتە دووەم مێرمنداڵی تەمەن 17 ساڵ لەماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا بە هەورەبرووسکە گیانلەدەستبدات. پێش ئەو مێرمنداڵێک بەناوی مەجید لە ناحیەی رۆڤیا هەورەبرووسکە لێیدا و لە نەخۆشخانەی ئاکرێ گیانی لەدەستدا.
 
ئەو شەپۆلە بارانە بەخوڕ و ئەو رەشەبایەی چەند رۆژێک لەمەوبەر کەشناسان پێشبینیان کردبوو، ئەمڕۆ گەیشتنە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی کاریگەریی لەسەر ناوچەکانی پارێزگای دهۆک، هەروەها قەزای خەبات لە سنووری هەولێر هەبوو و زیانی بە چەندین ماڵ و دووکان گەیاندووە.
 
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەشوهەوای سبەییشەوە هۆشداری داوە و دەڵێت، پێنجشەممە بارانی بەخوڕ و تەرزە دەبارێت و ئەگەری رەشەبای بەهێز هەیە.