رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەشوهەوای سبەی و دووسبەی دەڵێت، پێنجشەممە بارانی بەخوڕ و تەرزە دەبارێت و ئەگەری رەشەبای بەهێز هەیە.
لەبارەی کەشوهەوای رۆژی هەینیشەوە، بەشی پێشبینییەکان لە وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئاسمان هەورە و بارانی بەخوڕ نابارێت، بەڵام ئەگەری تەرزە بارین هەیە.
ئەو شەپۆلەی بارانی بەخوڕ و ئەو رەشەبایەی چەند رۆژێکە چاوەڕوانی هاتنیان دەکرێت و هۆشدارییان لەبارەوە دەدرێت، ئەمڕۆ گەیشتنە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی کاریگەرییان لەسەر ناوچەکانی پارێزگای دهۆک، هەروەها قەزای خەبات لە سنووری هەولێر هەبوو و زیانەکان مادین.
شەعبان بەرواری، قایمقامی قەزای ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی لافاو، زیان بە نزیکەی 100 ماڵ گەیشتووە، ئەمە جگە لەو زیانانەی بە سەیرانگەکان هەروەها ژمارەیەک شەقام و رێگە و پڕۆژەکانی حکومەت کەوتوون.
هاوکات وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی بە رووداوی گوت، 28 خانوو زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها زیان بە سەرجەم سەیرانگەکانی گەلیی شێرانە، گەلیی گەرەگوور و سۆلاڤ کەوتووە، جگە لەوانەش دوو ئاشی بەرهەمهێنانی تەحین و ژمارەیەک رێگە و شەقام بەر لافاو کەوتوون.
لافاوەکە زیانی بە چەند ماڵێک لە سنووری ئاکرێ گەیاندووە و ئاو چووەتە نێو چەندین ماڵ. هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو لە هاوینەهەواری سیپە لە ئاکرێ لە بوڵتەنی کاژێر هەشت کە شاهۆ ئەمین پێشکێشی دەکات، گوتی "هاوینەهەواری سیپە بەهۆی لافاوەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە".
لافاوەکە بووە هۆی بەرزووبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی گەورە. ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو لە گوندی سێلکێ لە بارزانەوە گوتی "لەو گوندەی بارزاندا، چەند سەر ئاژەڵێک بەر لافاو کەوتوون و زیان بە نزیکەی 40 ماڵ گەیشتووە."
لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە رووبارەکان، هەروەها رەشەبا بوونە هۆی ئەوەی چەندین ماڵ و ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەربکەوێت. نایف رەمەزان، پەیامنێری رووداو لە بامەڕنێ لە سنووری ئامێدی رایگەیاند، "4 ئۆتۆمبێل کەوتوونەتە بەر لافاو لە سنووری ناحیەی بامەڕنی و ئاو چووەتە نێو 20 ماڵ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ