سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین: داوای کڕینی درۆنمان کرد، بەڵام حکومەت رازی نەبوو

12-04-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن مین درۆن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین رایگەیاند، بەمەبەستی کارئاسانی بۆ دۆزینەوەی مین و پاشماوە جەنگییەکان و رووپێوکردنی ناوچە پیسبووەکان بە مین چەند جارێک داواکاریی کڕینی درۆنیان داوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەپاساوی ئەمنی رازی نەبووە.
 
جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین، لەبارەی بەکارهێنانی درۆن بەمەبەستی رووپێوکردن و دۆزینەوەی مین و پاشماوە جەنگییەکان لە هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئێستا لە هەولێر لەلایەن رێکخراوی نێودەوڵەتیی FSD راهێنان بە ژمارەیەک لە کارمەندانی بەشی رووپێوی دەکرێت لەسەر بەکارهێنانی درۆن بۆ دۆزینەوە و رووپێوی تەکنیکی مین و پاشماوە جەنگییەکان، ئەو خولە دواتر لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەکرێت".
 
جەبار مستەفا ئاماژەی بەوەدا ئەو درۆنەی بۆ رووپێوی نەخشەکێشانی ناوچە مەترسیدارە بارگاویبووەکان بە مین و تەقەمەنی بەکاردێت، لە جۆری (DJI FPV)ـیە. ئەم درۆنە دەتوانێت وێنەی ڤیدیۆیی شوێنە مەترسیدارەکان تۆمار بکات.
 
سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین، لەبارەی کڕینی ئەو جۆرە درۆنەوە گوتی "لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانی رێککەوتین درۆنییان لێ بکڕین و راهێنان بە کارمەندانمان بکەن و درۆنێکی باش بوو کە لە دووریی هەشت مەترەوە وێنە و زانیاریی لەنێو چیا و شاخ و شوێنەکانەوە وەردەگرت، جگە لەوە جۆر و کێشی مین و پاشماوە جەنگییەکانیشی دیاری دەکرد، ئێمە پێشنیازمان بۆ کۆمپانیاکەش کرد کە لەناوچەی شاخاویی نزیک لە جوگرافیای هەرێمی کوردستان راهێنان بە کارمەندانمان بکات کە رازی بوون، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پاساوی ئەمنی رازی نەبوو درۆن بکڕین".
 
بەپێی ئاماری دەزگای گشتی کاروباری مین 255 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە رووبەری خاکی هەرێمی کوردستان لە زاخۆوە تاوەکو گەرمیان بە مین و پاشماوە جەنگییەکان پیسبوون و دەبێت پاکبکرێنەوە، رێژەی 60٪ـی مین و پاشماوە جەنگییەکان دەکەونە سنووری پارێزگای سلێمانی و 40٪ــیشیان دەکەونە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک. 
 
هەروەها تائێستا 13 هەزار و 557 کەس لە هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی مین و پاشماوە جەنگییەکان، لەو ژمارەیە نزیکەی 6 هەزاریان گیانیان لەدەستداوە و ئەوانی دیکەیان برینداربوون و هەندێکیشیان نیڤشکان بوون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەگوێرەى نووسراوەکە ئەو شەش کەسە ئاگادارکراونەتەوە، ئەگەر لە داهاتوودا ئەو کارە دووبارەبکەنەوە، رێوشوێنى یاسایى لە دژیان دەگیرێتەبەر.

لە کەرکووک شەش کارمەندی کورد بەهۆی پۆستێکی فەیسبووک سزادەدرێن

شەش کارمەندى کوردى کۆمپانیاى گازى باکوور لە کەرکووک بەتۆمەتى ئەوەى لایکیان لە پەیجێکى تۆڕى کۆمەڵایەتیى فەیسبووک کردووە، سزاى ئاگادارکردنەوە دەدرێن.