شوانێک لە ئاکرێ لە کاتی رزگارکردنی مەڕەکانیدا گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی تەندروستیی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شوانێک لە کاتێکدا ویستوویەتی ئاژەڵەکانی رزگاربکات، کە نەخۆشیی دڵی هەبووە، تەندروستی تێکچووە و کەسوکارەکەی نەیانتوانی بیگەیێننە نەخۆشخانە، چونکە رێگەی گوندەکەیان بەهۆی لافاوەوە داخرابوو، بۆیە گیانی لەدەستدا.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 12-03-2023، نێچیرڤان هەرکی، گوتەبێژی تەندروستیی ئاکرێ بە رووداوی راگەیاند، ئەو هاونیشتمانییە شوان بووە و تەمەنی 50 ساڵ بووە. دەشڵێت، بە هانای مەڕەکانی چووە، بەڵام بەهۆی لافاوەوە رێگەی گوندەکەیان داخراوە و خۆی نەخۆشیی دڵی هەبووە، بۆیە گیانی لەدەستداوە و کەسوکارەکەی نەیانتوانیوە بیگەیێننە نەخۆشخانە.
 
هاونیشتمانییە بەتەمەنەکە ناوی مستەفا موسایە، خەڵکی گوندی کوزادارێ بووە لە سنووری قەزای ئاکرێ، لە کاتی بەهاناوەچوونی ئاژەڵەکانی دا، تەندروستی تێکچووە، بەڵام لەوکاتەدا لافاو رێگەی گوندەکەیانی داخستووە و نەیتوانیوە بگەڕێتەوە، بۆیە گیانی لەدەستداوە، ئەمە بە گوتەی نێچیرڤان هەرکی.
 
شەپۆلێکی بارانباراین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و لە ئاکرێ لافاو زیانی بە چەند ماڵێک گەیاندووە و ئاستەنگیی هاتووچۆشی دروستکردووە. بەگوێرەی کەشناسی، لە بەیانیی ئەمڕۆوە تاوەکو ئێستا لە ئاکرێ زیاتر لە 53 ملم باران باریوە.