لافاو لە سنووری پارێزگای دهۆک زیانی مادی زۆری لێ دەکەوێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لەگەڵ گەیشتنی ئەو شەپۆلە چاوەڕوانکراوەی بارانبارینی بەلێزمە، لە سنووری پارێزگای دهۆک لەفاو لە چەند ناوچەیەک دروستبووە و زیانی مادی زۆری هەبووە، ئاو چووەتە ماڵان، لە رێگاکان تاشەبەرد کەوتوون و رێگای هاتووچۆیان گرتووە، هەروەها بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکان، کەپرە گەشتیارییەکانی نزیکیان زیانیان بەرکەوتووە. زیانەکان تائێستا مادین و زیانی گیانی نەبووە.
 
ناسر عەلی پەیامنێری رووداو لە دهۆک لە رووماڵێکی تایبەتی رووداو بۆ زیانەکانی لافاوەکە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 12-4-2023 ) گوتی، لافاوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، تائێستا 47 شارەوانی و تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە سنووری پارێزگای دهۆک و سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە ئامادەباشیدان بۆ هاتنی ئەو شەپۆلەی بارانبارین و ئامادەن بۆ رووداوی نەخوازراو.
   
زیانەکانی ئەو شەپۆلەی باران لە شەش کاژێری رابردووەوە ناوچەکەی گرتووەتەوە بە گوتەی پەیامنێری رووداو زیاتر لە لە سنووری قەزای ئامێدی لە دهۆک، هەروەها قەزای خەبات لە سنووری هەولێر بوون.
 
زیانەکان بەمشێوەیە بوون:
 
لە سنووری شیلادزێ ئاستی ئاو لە زۆر شوێن بەرزبووەتەوە و خەڵک ناچار بوون ماڵیان چۆڵ بکەن، بەڵام هێشتا ئاو نەچووەتە نێو ماڵەکانەوە.
 
لە سنووری ناحیەی دێرەلووک لە رووباری سبنە ئاستی ئاو بەجۆرێک بەرزبووەتەوە گەیشتووەتە سەرووی ئەو پردەی گوندی مەهیدێ و مەلەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
 
هەرچەندە پردەکە زیانی بەرنەکەوتووە، بەڵام چەند کاژێرێکە هاتن و چوون بۆ نێوان گوندەکان وەستاوە کە 500 خێزان لە هەردوو گونددا دەژین.

 

هەر لە سنووری دێرەلووک، نزیکەی 200 کەپری گەشتیاری کە لە حەوت پرۆژەی گەشتیاری لە سنووری ناحیەی دێرەلووک و رووباری شێرانەن، زیانیان بەرکەوتووە.
 
هاتن و چوون لە نزیک ناوچەی سۆلاڤ زەحمەت بووە، بەهۆی ئەوەی گاشەبەرد لە 7 شەقامدا کەوتوونەتە سەر رێگاکانی نزیکیان.
 
لەسنووری ئاکرێ، لە ناحیەی دینارتە بەگوتەی بەڕێوەبەری ناحیەکە، خانوویەک بەتەواوی رووخاوە، بەڕێوەبەری ناحیە دەڵێ خێزانەکەیان بۆ شوێنێکی سەلامەت گواستووەتەوە.
 

 

زیانی گەورە بەو رێگایە کەوتووە کە دەکەوێتە نێوان ناحیەی دینارتە و سەنتەری ئاکرێ. ئەو رێگایە کەمتر لە ساڵێکە کراوەتەوە و بەشێکی رووخاوە، بۆیە  ئێستا هاتن و چوون تەنیا لەسەر یەک سایدی رێگاکە هەیە.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی شارستانیی ئاکرێ، تەکیەی شێخ عەبدولعەزیز، زیانی گەورەی ماددی بەرکەوتووە و ئاو چووەتە نێویەوە. لە بجیلیش لافاو زیانی لە 75 کەپری گەشتیاری داوە.