رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە، ئاو چووەتە نێو زیاتر لە 20 ماڵ و بەشێک لە تەکیەی شێخ عەبدولعەزیز گەیلانی لە ئاکرێ. هەروەها لە قەزای خەباتیش بای بەهێز، بارانی بەخوڕ و تەرزەبارین زیانیان هەبوو.
بەپێی پێشبینییەکانی بەشی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کە ئەمڕۆ چوارشەممە 12-04-2023 بڵاویکردووەتەوە، "بارانبارین لە سەرجەم ناوچەکان بەردەوام دەبێت و بارانی بەلێزمە و هەورە برووسکەشی لەگەڵدا دەبێت".
ئەمڕۆ چوارشەممە عەقید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەرگریی شارستانیی ئاکرێ لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هێڤیدار زانا پێشکێشی کرد، رایگەیاند، لە سیپە و هەندێک لە گەڕەکەکانی ئاکرێ لافاو دروستبووە و ئاو چووتە نێو زیاتر لە 20 ماڵ.
عەقید ئیبراهیم فەریق ئاماژەی بەوە کرد، لە ئاکرێ لە کاژێر 9:00 بۆ 13:00 واتە لە ماوەی چوار کاژێردا 53.4 میلیمەتر باران باری کە لە ماوەیەکی کورتدا بڕێکی زۆرە و ''ئەگەری هەیە ئاو زیاتر بەرزببێتەوە و بچێتە نێو ماڵەکان''.
عەقید ئیبراهیم فەریق گوتیشی، تاوەکو ئێستا لافاو هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و تەنیا زیانی مادی هەبووە و زیاتر کەلوپەلی راخستن لە ماڵەکان زیانیان بەرکەوتووە، گوتی ''ئەو شوێنانەی سەردانمان کردوون، 10 بۆ 15 سانتیمەتر ئاو تێیاندا کۆبووەتەوە''.
چوار بۆ پێنج تیمی بەرگریی شارستانیی ئاکرێ لە ئامادەباشیدان بۆ ئەوەی لە ئەگەری روودانی هەر رووداوێکی نەخوازراو بە هانای خەڵکەوە بچن.
بەپێی پێشبینییەکانی بەشی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ئەمشەو بارانبارین بەردەوام دەبێت، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی ئاکرێ لەوبارەوە گوتی، "سەردانی هەندێک گەڕەکمان کردووە و بە چەندین خێزانمان راگەیاندووە ئەمڕۆ و سبەی ماڵەکانیان چۆڵ بکەن، چونکە بەشی کەشناسی بارینی 200 ملیمەتر بارانی پێشبینی کردووە، کە هێشتا زۆری ماوە ئەو بڕە ببارێت''.
هاوکات لە قەزای خەبات، بای بەهێز و بارانبارین زیانێکی مادی زۆری لێکەوتووەتەوە و بەگوتەی دانیشتووانی قەزاکە، کاژێری 15:00 لە جووتسایدی سەرەکی، بایەکی زۆر بەهێز بووەتە هۆی شکانی چەندین دار کە تەمەنیان 40 بۆ 50 ساڵ دەبێت.
دڵنیا رەحمان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە قەزای خەبات گوتی، کێبڵی ستوونی کارەبا لە چەندین شوێن بەهۆی باکەوە پچڕاون و ''ئێستا تیمەکان هاتوون بۆ ئەوەی چارەسەری ئەم کێشەیە بکەن''.
هاونیشتمانییەکی قەزاکە بە پەیامنێری رووداوی گوت، ''بارانەکە بایەکی بەهێزی لەگەڵدا بوو''.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بۆ رێگەگرتن لە زیانی مادی و گیانیی لافاوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، ئەو هاووڵاتییانەی نزیکن لە زێی گەورە، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاوی رووبارەکە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن. پەیامنێری رووداویش لەوبارەوە گوتی، ''بە شێوەیەکی بەرچاو ئاوی زێی گەورە بەرزبووەتەوە و لە چەند شوێنێکی قەزای خەباتیش ئاو چووتەوە نێو ماڵەکان و خەڵکەکەی دەوروبەری زێی گەورە ماڵەکانیان چۆڵکردووە.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ