دوو هاونیشتمانی لە شیلادزێ نۆ رۆژە بێسەروشوێنن

12-04-2023
ناسر عەلی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نۆ رۆژە دوو هاونیشتمانى ناحیەی شیلادزێ بێسەروشوێنن. موختارى گوندى یەکێک لەو دوو هاونیشتمانییە دەڵێت، ئەو دوو هاونیشتمانییە چوون بۆ هێنانی گژ و گیای بەهاری و "گومان دەکرێت بەر بۆردومانى تورکیا کەوتبن." 
 
رۆژی 03-04-2023، دوو هاونیشتمانی ناحیەی شیلادزێی سەر قەزای ئامێدى بۆ هێنانی گژ و گیای بەهاری چوونەتە ناوچە چیاییەکانی داودکێ لە سنووری دەڤەری بارزان. 
 
ئەحمەد حەسەن کە تەمەنی 35 ساڵە خەڵکى گوندى سیتە؛ هەروەها عارف عومەر، تەمەنی 40 ساڵە خەڵکى گوندى شاجایە کە هەردوو گوندەکە سەر بە ناحیەی شیلادزێن. 
 
ئەیوب حەجى، موختارى گوندى شاجا و کەسوکاری یەکێک لە هاونیشتمانییەکان بە رووداوی راگەیاند، لە دوو رۆژی سەرەتای رۆشتنیان تەلەفۆنیان کراوەبوون و رۆژی دووەم قسەیان لەگەڵ کەسوکاریان کردووە، بەڵام "دەنگیان خراپبووە و پێدەچوو کێشەیان هەبێت. دواتر دەنگیان نەماوە و تائێستا بێسەروشوێنن."  
 
بەپێی گوتەی موختارى گوندى شاجا دوو رۆژە کەسوکارەکانیان لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادارکردووەتەوە. ئەیوب حەجی دەڵێت، بڕیارە ئەمڕۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان وەڵامێکیان بدەنەوە. "ئێمە نازانین چییان بەسەر هاتووە و کەسوکاریان لە دڵەڕاوکێدا دەژین."  
 
سەبارەت گومانى کەسوکاریان بۆ چارەنووسى ئەو دوو هاونیشتمانییە، ئەیوب حەجی دەڵێت، ئەو ناوچەیەی ئەو دوو هاونیشتمانییە بۆی چوون شوێنى شەڕى پەکەکە و تورکیایە. چەندین جار تورکیا ئەو ناوچانەی بۆردومانکردووە، بۆیە وەکو گومان دەکەن بەر بۆردومان کەوتبن، بەڵام هێشتا هیچ دیارنییە، چاوەڕێی وەڵامى لایەنەکانى پەیوەندیدارەکانن، تاوەکو وەڵامیان بدەنەوە یان رێگەیان پێبدەن خۆیان بەدوایاندا دەگەڕێن لەو ناوچانەدا. 
 
رزگار عوبەید، بەڕێوەبەرى ناحیەی شیلادزێ بە رووداوی راگەیاند، نۆ رۆژە هاونیشتمانییەکان بێسەروشوێنن، بەڵام کەسوکاریان سەرەتا کەسیان ئاگادارنەکردووەتەوە. 
 
دوو رۆژە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادارکراون، وەک بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە، بەڵام هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان نییە. 
 
لە چوار ساڵى رابردوودا بەهۆى شەڕى نێوان پەکەکە و تورکیا لە باشوورى کوردستان تەنیا لە سنوورى پارێزگای دهۆک 36 کەس گیانیان لەدەستداوە کە بەشێكیان خەڵکى شیلادزێ و دێرەلووک بوون.  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە