ئەو هاونیشتمانییەی لە هێلیکۆپتەر هەڵدرایەخوارەوە، سزای 7 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا
رووداو دیجیتاڵ
عوسمان شیبان کە ئەیلوولی 2020 لە وانی باکووری کوردستان لە هێلیکۆپتەرەوە فڕێدرایە خوارەوە، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سزای حەوت ساڵ و 6 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
دانیشتنی دادگە لەبارەی ئەو دۆسیەیە رۆژی سێشەممە، 11-4-2023 لە دادگەی دووەمی سزا قورسەکانی مێرسین بەڕێوەچوو و داواکاری گشتی داوای سزای زیندانیی بۆ عوسمان شیبان کرد، هاوکات تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراوی تیرۆرستی"ـی دایەپاڵی. دواتر شیبان قسەی کرد و بەرگریی لە خۆی کرد. سەرەتا دادوەر سزای نۆ ساڵ زیندانیی بەسەر عوسمان شیباندا سەپاند، بەڵام دواتر سزاکە دابەزێندرا بۆ حەوت ساڵ و 6 مانگ.
عوسمان شیبان لەگەڵ هاوڕێیەکی بە ناوی سەرڤەت تورگوت، رۆژی 11ـی ئەیلوولی 2020 لە شارۆچکەی شاخ-ی سەر بە پارێزگای وانی باکووری کوردستان لەلایەن هێزێکی جەندرمەوە دەستگیرکران و لە هێلیکۆپتەرەوە فڕێدرانە خوارەوە.
عوسمان شیبان کە ماوەیەکی زۆر هۆشی لەدەستدابوو و تووشی بیرچوونەوە ببوو، رۆژی 20ـی ئەیلوول لە خۆشخانە دەرچوو. سەرڤەت تورگوتیش دوای 20 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە؛ رۆژی 30ـی ئەیلوولی 2020، گیانی لەدەستدا و هەمان رۆژ لە وان بە خاک سپێردرا.
سەرڤەت تورگوت و عوسمان شیبان پاش ئەوەی لە هێلیکۆپتەر فڕێدراونەتە خوارەوە، براونەتە فەرماندەیی جەندرمەی وان، بە گوتەی شیبان، سەربازەکان بە کۆمەڵ ئەشکەنجەیان داون و بەو هۆیەوە بە سەختی برینداربوون.
عوسمان شیبان دەڵێت: "گوتیان ئەم تیرۆریستانە نەمردوون؛ وام گوێ لێبوو. نەیاندەزانی ئێمە گوندنشینین. بە ئێمەشیان دەگوت تیرۆریست. لە هێلیکۆپتەر فڕێیانداینە خوارەوە. دوای ئەوەی کەوتینە سەر زەوی، کەوتنە سەر و گوێلاکم و نەمدەزانی چی روودەدات. لە هۆش خۆم چووم."
سەرڤەت تورگوتی تەمەن 55 ساڵ باوکی 7 منداڵ بوو، عوسمان شیبانی تەمەن 53 ساڵ کە باوکی 8 منداڵە دوای ئەوەی لە هێلیکۆپتەر فڕێدراونەتەخوارەوە، هەریەکەیان براونەتە نەخۆشخانەیەکی جیاواز و جەندرمەکان گوتوویانە ئەمانە تیرۆریستن، شەڕ لەنێوانمان روویداوە و بۆ ئەوەی رابکەن لە هێلیکۆپتەر خۆیان فڕێداوەتە خوارەوە، بۆیە برینداربوون.
رۆژی 24ی ئەیلوولی 2020 نایف تورگوت، برای سەروەت تورگوت بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە بوولتەنێکی هەواڵەكانی رووداو بەشداربوو و بە هێڤیدار زانا، بێژەری رووداوی راگەیاند، "لە ساڵی 1978ـەوە گوندەكەیان چۆڵكراوە و لە مێرسین نیشتەجێن. دوای 20 ساڵ لە چۆڵکردنی گوندەکەیان، رۆژێک لە وەرزی دروێنەدا گەڕاونەتەوە. بەهۆی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی پەكەكە سەربازەكان بەردەوام لەو ناوچانەدابوون و رۆژێك ژمارەیەكی زۆر سەرباز پرسیاریان لە براكەی و عوسمان شیبان و سەروەت تورگوت كردووە و براکەیان و سەروەت تورگوتیان بەتۆمەتی پڕوپاگەندەکردن بۆ تیرۆر دەستگیركردووە و پاشان ئازار و ئەشكەنجەیان داون و بەو هۆیەوە سەروەت گیانی لەدەستداوە."