کچە کوردێکی ئێزدی شایەتی لەسەر ئەبوبەکر بەغدادی دەدات

رووداو دیجیتاڵ
 
ژنێکی گەنجی ئێزدی شایەتی لەسەر دەستدرێژیکردنە سەر خانمە کرێکارێکی هاوکاریی مرۆیی لەلایەن ئەبوبەکر بەغدادیی، سەرکردەی پێشووتری داعش دەدات.
 
لیا مولا ئەو ژنە کوردە ئێزدییەیە کە لە مانگی ئابی ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە رفێنرا، کاتێک ویستبووی لەگەڵ خێزانەکەی لە دەستی داعش رابکات و بچێتە چیای شنگال. 
 
رۆژی دووشەممە 11-4-2022 لە دادگەیەکی ئەمریکا  پرۆسەی دادگاییکردنی ئەلشەفیع ئەلشێخ، هاووڵاتیی بەریتانی، کە تۆمەتبارە بە ئەندامبوون لە باڵی رفاندن و کوشتنی داعش کە ناسراوە بە بیتڵز، بەڕێوەچوو. لە میانی دادگاییکردنەکەیدا، لیا مولا لەڕێگەی وەرگێڕێکەوە شایەتی لەسەر کردەوەی سەرکردەکەی داعش دا. 
 
لیا دەڵێت، کارمەندێکی هاوکاریی مرۆیی بە ناوی کەیلا موێلەر پێیگوتووە کە لەلایەن ئەبوبەکر بەغدادی، سەرکردەی داعش کە لە ساڵی 2019 لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمریکادا لە سووریا کوژرا، دەستدرێژیی سێکسی کراوەتەسەری و گوایە هەڕەشەی کوشتنی لێکردووە ئەگەر رابکات. 
 
موێلەر، کە کارمەندێکی هاوکاریی مرۆیی خەڵکی ویلایەتی ئاریزۆنای ئەمریکا بوو، مانگی ئابی ساڵی 2013 لەو کاتەی، کە لەگەڵ هاوڕێ کوڕەکەی دەچێتە نەخۆشخانەیەکی حەلەب بۆ ئەوەی سینییەکی سەتەلایت چاکبکاتەوە، لەلایەن داعشەوە دەڕفێندرێت.
 
کەیلا موێلەر سەرەتا لەلای باندی بیتڵزی داعشەوە راگیراوە و دواتر دەگوترێت رادەستی بەغدادی کراوە.
 
لیا مولا دەڵێت کە خۆی لەگەڵ ژنە گەنجەکانی دیکە، کە داعش دەستگیری کردبوون، چەند شوێنێکیان پێکراوە و لە کۆتاییدا براوەتە ئەو گرتووخانەیەی کە کەیلا موێلەری تێدابووە.  
 
لیا دەڵێت لەو کاتەدا، بە زۆری بە "ئاماژەی دەست" قسەیان کردووە، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، بە عەرەبیش قسەیان کردووە. 
 
لیا دەشڵێت، جارێکیان داعش ئەوی برد و کاتێک گەڕاندییانەوە، "زۆر ترسابوو، داعش پێیگوتبوو کە دەیانەوێت هاوسەرگیرییان پێبکەن و ئەگەر بیانەوێت رابکەن، دەیانکوژن". 
 
لیا ئاماژە بەوە دەکات، دوای ئەوە بە چەند رۆژێک، ئەویان لەگەڵ کەیلا موێلەر و کچێکی دیکەی ئێزدی براونەتە ماڵی ئەبوو سەیاف کە فەرماندەیەکی باڵای داعش بووە و وەکو خۆی دەڵێت وەکو "کۆیلە" مامەڵەیان لەگەڵ کراوە. 
 
لەدوای ئەوە، لیا دەڵێت، براونەتە خانوویەکی بێسەروبەر، کە بەگوێرەی لیا، ئەو شوێنە بووە کە "کچە گەنجەکان دەستدرێژیی سێکسییان کراوەتە سەر". دواتر ئەبووبەکر بەغدادی هاتووە و موێلەری لەگەڵ خۆی بردووە.
 
وەکو لیا دەڵێت، کاتێک بەیانیی رۆژی دواتر موێلەر گەڕاوەتەوە، دڵتەنگ بووە و گریاوە. ئەوەش بەگوێرەی قسەکانی لیا، دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەری و هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە ئەگەر هەوڵی راکردن بدات.
 
لیا ئەوەشی ئاشکراکرد کە هەوڵی راکردنی داوە و داواشی لە موێلەر کردووە لەگەڵی بڕوات، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، موێلەر رەتیکردووەتەوە لەگەڵی بڕوات، ئەوەش لەبەر ئەوەی ترساوە دەستگیربکرێت و بکوژرێت. بەڵام موێلەر داوای لە لیا کردووە، لە ئەگەری ئەوەی بە سەلامەتی رزگاری بێت، چیڕۆکەکەی بە جیهان بگەیێنێت. 
 
لیا باس لە چۆنیەتی راکردنەکەی دەکات و دەڵێت، رۆژێک بە پەنجەرەی ژوورەکەیدا چووەتە دەرەوە، بەسەر مۆلیدەیەک کەوتووە بۆ ئەوەی بچێتە سەر سیاجی ئەو شوێنەی ئەوانی تێدابووە و دواتریش بۆ ماوەیەکی درێژ رایکردووە. 
 
لەدوای ئەوەی توانیویەتی رابکات، براکەی، لیای بە هاوڕێیەکی ناساندووە کە وەکو وەرگێڕ لەگەڵ ئەمریکییەکان کاریکردووە و بەو رێگەیە، توانیویەتی چیڕۆکی موێلەریان بۆ بگێڕێتەوە. 
 
لە شوباتی ساڵی 2015 داعش رایگەیاند کە موێلەر لە هێرشێکی ئاسمانیی ئووردندا کوژراوە، بەڵام  ئەوە لەلایەن بەرپرسانی ئەمریکاوە بڕوای پێنەهێنرا. 
 
ئەلشێخ لەگەڵ ئەندامێکی دیکەی داعش لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2018 دا لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە لە سووریا دەستگیرکراوە و دواتر رادەستی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق کراوە.
 
ئەو تۆمەتبارە بە کوشتنی چوار هاوڵاتیی ئەمریکی: موێلەر، کارمەندی هاوکاریی مرۆیی؛ جەیمس فۆلی و ستیڤن سۆتلۆف، رۆژنامەڤان و پیتەر کاسیگ، کارمەندی هاوکاریی مرۆیی. 
 
لە ساڵی 2020 دا گوێزراوەتەوە بۆ ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمریکا بۆ ئەوەی بە تۆمەتی رفاندن، پیلانگێڕان بۆ کوشتنی هاوڵاتیی ئەمریکی و پاڵپشتیکردنی رێکخراوی تیرۆیستیی رووبەڕووی دادگە بکرێتەوە.
 
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ سێشەممە 12-4-2022 دادگە دوایین دانیشتنی لەبارەی دۆسیەکەی ئەلشێخەوە ئەنجامبدات. ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئەلشێخ هەموو ئەو تۆمەتانەی دەدرێنە پاڵی رەتدەکاتەوە و پارێزەرانیشی دەڵێن، کە بەهۆی "هەڵەیەک لە ناسنامەدا" دەستگیرکراوە.