گالەری

 
ساڵانە شوانەکان خووری مەڕەکانیان لە بەهاردا دەبڕنەوە، بۆ پاراستنی پێست و کەمکردنەوەی پلەی گەرمی لەشی مەڕەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێست و خوورییەکەی بۆ چەندین کاری پیشەسازی بەکاردەهێندرێت.
 
دەمێکە لە کوردەواریدا گوتوویانە "شیرین تەشی دەڕێسێت"، کە ئەم پیشەیە مێژووێکی دوور و درێژی لە نێو کولتوور و فەرهەنگی کوردی هەبووە، بۆیە خێزانەکەی عەبدولکەریم یونس، شوانێک لە ناوچەی هەنارەی سنووری پارێزگای هەولێر دەستیان بە شووشتن و کۆکردنەوەی خووری کردووە.
 
عەبدولکەریم یونس، لە ساڵی 2014 لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال، روودەکەنە شارۆچکەی پیرزینی سنووری پارێزگای هەولێر و لەوێ نیشتەجێ دەبن، لەو بارەیەوە عەبدولکەریم بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای ئەوەی ماڵ و سەروەت و سامانەکەمان لە شنگال لەلایەن چەکدارانی داعش وێرانکرا، ئێستا دەستم کردووە، بە کڕینی خووری مەڕ لە چەند ئاژەڵفرۆشێک، لەلایەن خێزانەکەمەوە خوورییەکە دەشۆرین و دواتر دەیچنین بۆ ئەوەی وەکو سەرین و لێفە و دۆشەک بەکاربهێنرێن، چونکە لە دێرزەمانەوە لە باب و باپیرانمانەوە ماوەتەوە و لەسەر ئەم نەریتە بەردەوام بووین، بۆیە ئێمەش ئێستا هەر لەسەر ئەم رێچکەیەی باب و باپیرانمان دەڕۆین و دەمانەوێت ئەم کولتوورە ون نەبێت و زیندووی بکەینەوە".