لە قۆناخی دووەمدا لە گوندی کۆچۆ دوو گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدەدرێنەوە

رووداو - هەولێر 

رووفاتی 29 کوردی ئێزدی لە نێو گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە گوندی کۆچۆ لە شنگال دەرهێندران.

لە قۆناخی دووەمی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شنگالدا دەستکراوە بە هەڵدانەوەی دوو گۆڕی بەکۆمەڵی دیکە کە پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 70 رووفاتیان تێدابێت.

نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان و بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شنگال ئامادەن، سەرۆکی تیمی هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ لە عێراق بە رووداوی راگەیاند، هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کاتی زیاتری دەوێت، چونکە پێدەچێت گۆڕی بەکۆمەڵی دیکە هەبن و کاری هەڵدانەوەشیان پەیوەندی بەیەکدییەوە هەیە.

محەممەد تاهیر تەمیمی، سەرۆکی تیمی هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ لە عێراق گوتی: "تاوانی داعش لە شنگال پەڵەیەکی رەشە بە نێوچەوانی مرۆڤایەتییەوە، بەڵام من بە ئاشکرا دەیڵێم، ناتوانین کاتێک دیاریبکەن بۆ کۆتاییهاتنی کارەکان، چونکە بەداخەوە رەنگە گۆڕی زیاتر بدۆزینەوە، چونکە کاری هەموو گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەڕووی هونەری و تەکنیکییەوە پەیوەندییان بەیەکدییەوە هەیە، هەندێک جاریش پەیوەندی بە نموونەی قوربانییەکانەوە هەیە، کە لە گۆڕەکان دەدۆزرێنەوە و دەنێردرێن بۆ تاقیگەکانی پزیشکی دادوەری، بۆیە بەداخەوە کارەکان درێژە دەکێشن رەنگە چەندین مانگی پێ بچێت".