نرخی کیلۆیەک تەماتە لە عەلوەی سلێمانی گەیشتە 1500 دینار

رووداو دیجیتاڵ 

نرخی تەماتە لە ماوەی یەک رۆژدا لە عەلوەی سلێمانی لە 900 دینارەوە گەیشتە هەزار و 500 دینار و جێگری سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانیش دەڵێت، گرانبوونەکە بەهۆی بڕیارێکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقە.
 
رۆژی سێشەممە، 12ـی مارسی 2024، نرخی کیلۆیەک تەماتە لە عەلوەی سلێمانی گەیشتە هەزار و 500 دینار و کاسبکارێکیش لەنێو عەلوەی سلێمانی دەڵێت، دەبێ کیلۆیەک تەماتە لە بازاڕ بە دوو هەزار دینار بدەین.
 
ئەو کاسبکارە بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی گوت: "دوێنێ کیلۆیەک تەماتەم بە 900 دینار کڕیوە، بەڵام ئەمڕۆ هاتوومەتە عەلوە و دەبینم نرخەکەی گەیشتووەتە هەزار و 500 دینار، بە مەرجێک تەماتەکە بەشێکی تێکچووە و شکاوە".
 
عەتا محەممەد، جێگری سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "بڕیارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ هۆکاری گرانبوونی تەماتەیە لە بازاڕ، لەبەر ئەوەی وەزارەت بۆ پاڵپشتیکردن لە بەرهەمی نێوخۆی عێراق باجی خستووەتە سەر تەماتەی هاوردەکراو".
 
بە گوتەی عەتا محەممەد؛ ئەو بڕیارەی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ پاڵپشتیکردنە لە جووتیاران، بەڵام بەرهەمی تەماتەی ئەو جووتیارانە ناتوانێت پێداویستیی نێوخۆ پڕبکاتەوە، ئەوەش وایکردووە نرخی تەماتە لە عەلوە بگاتە هەزار و 500 و لە بازاڕ بە دوو هەزار بگاتە دەستی هاووڵاتییان".
 
جێگری سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی داوا لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەکات، ئاسانکاری بۆ هاوردەکردنی تەماتە بکەن و دەشڵێت: "ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوامبێت سبەی نرخی کیلۆیەک تەماتە لە عەلوە دەگاتە هەزار و 750 دینار و رۆژ لەدوای رۆژ گرانتر دەبێت".