حیزبە تورکمانەکان بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لە پەرلەمانی کوردستان دەدەن

رووداو دیجیتاڵ

حیزب و لایەنە تورکمانەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دوایین کۆبوونەوەی خۆیان دەکەن و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بڕیاری کۆتایی دەدەن. سەرۆکی حیزبێکی تورکمانیش دەڵێت "بە کۆی دەنگ، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەین."
 
سێشەممە، 12-03-2024، محەممەد سەعدەدین، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای کۆبوونەوە و راوێژکردن لەنێو خۆماندا، کاژێر 2:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، حیزبە تورکمانەکان بڕیاری کۆتایی دەدەن و خۆیان بۆ بەشداریکردن و نەکردنی هەڵبژاردن یەکلایی دەکەنەوە.
 
لە هەرێمی کوردستاندا، 11 حیزبی تورکمانی هەن، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا شەش لەو حیزبانە لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تۆمارکراون. 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بەرەی تورکمانی لەگەڵ حیزبە تورکمانەکانی دیکەدا نییە و دواتر بە جیا هەڵوێستی خۆی رادەگەیێنێت.
 
محەممەد سەعدەدین گوتی "حیزبە تورکمانەکان هاوڕان لەسەر بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و تاوەکو ئێستا بڕیاری هەمەلایەنە بایکۆتکردنە."
 
رۆژی 21-02-2024، دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی یاسای هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و رایگەیاند، دەبێت ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 100 تێنەپەڕێت، هاوکات کورسیی کۆتای پێکهاتەکانیشی بە نادەستووری هەژمارکرد.
 
بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، ناڕەزایەتی تورکمان، کلدان سریان ئاشووری و ئەرمەنەکانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە، کە خاوەنی 11 کورسیی کۆتای پەرلەمان بوون.
 
دوێنێ (دووشەممە)، بەشێک لە پارت و هێزە کریستانەکان بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاند، کە بڕیارە رۆژی 10-6-2024 بکرێت. جینان جەبار، سەرۆکی ئەنجومەنی نەتەوەیی کلدانی راگەیێندراوی پارت و لایەنەکانی خوێندەوە و گوتی، بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق بۆ نەهێشتنی کورسیی کۆتای پێکهاتەکان "پێشێلکردنێکی مەترسیدار"ـی مافی مرۆڤ و مافی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەکانە و، هەنگاوێکە بۆ ناشرینکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە.

 

ئەو پارت و لایەنانە بریتین لە:
 
- پارتی یەکێتیی دیموکراتی کلدانی
- کۆمەڵەی کلدانی جیهانی
- پارتی بزووتنەوەی گردبوونەوەی سریان
- رەوتی شلاما بۆ کاروباری مەسیحی (کلدان سریان ئاشوور و ئەرمەن)
- پارتی ئەنجوومەنی نەتەوەیی کلدانی
- لیژنەی ئیداری تائیفەی ئەرمەنی ئەرسەدۆکس
- کۆمەڵەی رۆشنبیریی ئەرمنی
- هاوپەیمانیی یەکێتیی نەتەوەیی- هەرێمی کوردستان
- هاوپەیمانیی حامورابی- عێراق.