ئاک پارتی، هودا پار و دەم پارتی کێبڕکێی یەک دەکەن بۆ بردنەوەی گەورە شارەوانیی مێردین

13-03-2024
شیراز رەئوف
بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنگرانی دەم پارتی. وێنە: رووداو
بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنگرانی دەم پارتی. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بانگەشەی هەڵبژاردن لە مێردین چڕ دەبێتەوە و هەریەکە لە دەم پارتی، ئاکپارتی و هودا پار کێبڕکێ دەکەن بۆ بردنەوەی کورسیی سەرۆکی شارەوانی.
 
ئەحمەد تورک، بەربژێری دەم پارتی بۆ سەرۆکی شارەوانی مێردین لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە بە شێوەی مەیدانی پێشکێش کرا، گوتی، "ئامانج و تێکۆشانی ئێمە بۆ ئەوەیە گەلی کورد بگاتە رووناکی." گوتیشی، "ئێمە بۆ ئاشتی و دیموکراسی خەبات دەکەین و شارەوانی بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە بۆ خزمەتکردنی گەلی خۆمان."
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئەحمەد تورک، کە پێشتر دووجار سەرۆکی شارەوانیی مێردین بووە و ئێستاش بەربژێری دەم پارتییە بۆ ئەو پۆستە، ئاماژەی بەوە کرد، "لە هەر شوێنێکدا بۆشایی هەبێت بۆ خزمەتکردنی خەڵک، ئێمە لەوێدا خزمەتی گەلی خۆمان دەکەین و بڕیارمان داوە خزمەتی هەموو شارۆچکە و ناوچەکان بکەین."
 
گوتیشی، "باسی پرۆژەی گەورە ناکەم، چونکە دەوڵەتی تورکیا ئابووریی شارەکە لاواز دەکات، بەڵام مێردین شارێکی کولتوورییە و هەموو گەشتیارێک خوازیارە بیبینێت و پلانمان هەیە رێکلامی گەشتیاریی مێردین لە هەموو تورکیا و هەموو جیهان بڵاوبکەینەوە و بە تەواوی بیکەینە شارێکی گەشتیاری."
 
لەبارەی مەترسیی دانانی قەیومیش بۆ شارەکە دوای هەڵبژاردن، ئەحمەد تورک دەڵێت، "بڕواناکەم دەوڵەتی تورکیا ئەمجارە قەیوم بۆ مێردین دابنێت، چونکە پێشتر دانانی قەیوم رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و گەلی ئێمە بە قەیوم رازی نابێت."
 
 
هاوکات هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا، عەبدوڵڵا ئەرین، بەربژێری ئاکپارتی بۆ سەرۆکی شارەوانیی مێردین رەخنە لەو کاتانە دەگرێت کە ئەحمەد تورکی رکابەری سەرۆکی شارەوانی بووە و دەڵێت، "داوا لە خەڵک دەکەم کەسی تاقیکراوە تاقی نەکەنەوە."
 
هەروەها رەخنەی لە دەم پارتی گرت کە هیچ پرۆژەیەکی بۆ شارەکە نییە و گوتی، "دەم پارتی هیچ پرۆژەیەکی بۆ ئابووری و کشتوکاڵی مێردین نییە و هیچ بەرنامەیەکیشی نییە بۆ خزمەتکردنی گەنجان و ژنان."
 
بەربژێری ئاکپارتی بۆ سەرۆکی شارەوانی مێردین باسی لەوە کرد، "پلانی 470 پرۆژەمان لە 10 ناوچەی جیاوازی مێردین هەیە و شارەزای کێشەکانی شارەکەمانین و دەزانین چۆن چارەسەریان بکەین."
 
لەبارەی پێکەوەژیان و مافی کوردیش لە مێردین عەبدوڵڵا ئەرین گوتی، "لە مێردین نەتەوە و ئایینی جیاواز پێکەوە دەژین و کوردیش وەکو تورک هەموو مافێکی هەیە." گوتیشی، "ئاستەنگ لەبەردەم ژیان و کولتووری کوردی نەماوە و پێشتر تەنانەت گۆرانییەکانی شڤان پەروەر لە تورکیا قەدەخە بوون، بەڵام ئێستا هەر منداڵێک بخوازێت دەتوانێت فێری کوردی ببێت و کورد رووبەڕووی جوداکاری نابێتەوە، بەڵام هەندێک لایەن فیتنە لەنێوان کورد و تورکدا دەنێنەوە."
 
هاوکات هەر لە مێردین هودا پار بەشێکە لە رکابەرییەکە و بەربژێرێکی هەیە بەناوی ئیسماعیل چەڤیک بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆکی شارەوانی. چەڤیک لە رووداوی ئەمڕۆ گوتی، "هودا پار سیاسەتی دادپەروەریی هەیە بۆ خەڵک و دەمانەوێت دادپەروەری بچەسپێنن."
 
گوتیشی، "شارەوانی پێداویستییەکانی هەموو خەڵک وەکو یەک دابین دەکات و پشتیوان بە خودا ئاسایشی شار و خەڵکی خۆمان سەقامگیر دەکەین."
 
بەربژێرەکەی هودا پار بۆ سەرۆکی شارەوانی مێردین گوتیشی، "هودا پار خۆی بە پارتی هەموو نەتەوەکان دەزانێت و پێویستە زمانی کوردی ببێت بە زمانی فەرمی و لە قوتابخانەکاندا بخوێندرێت."
 
بڕیارە رۆژی 31ی ئاداری ئەم ساڵ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەبچێت و تادێت رکابەریی و کێبەرکێی لایەنە سیاسییەکانیش چردەبێتەوە، بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆش هەر رۆژەی لە شارێکی باکووری کوردستان و تورکیا بەشێوەی مەیدانی پێشکێش دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی سرووشتی سەردەشت.

پاراستنی ژینگەی سەردەشت: هەوای سەردەشت پیس نییە

پاراستنی ژینگەی سەردەشت رەتیدەکاتەوە هەوای ئەو شارە رۆژی هەینی لە ئاستی ئێراندا پیسترین بووبێت و دەڵێت، ئەو هەواڵەی لەبارەی مەترسیداربوونی هەوای سەردەشت بڵاوبووەتەوە، راست نییە.