رووداو - سلێمانی
گرانیی نرخی تەماتە بووەتە گرفتی بازرگانانی سەوزە و میوە، بۆ داوای چارەی کێشەکەیان رووداویان بە رێگەی دەربازبوون زانی و پەیامیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان نارد.
سەوزەفرۆشێک لە سلێمانی دەڵێت، "ئەمڕۆ کاژێر 09:00 هاتووم، دەڵێت: یەک کیلۆ تەماتە بە 1400 دینار، یەک ترێلە هاتووە، ئێستا بووە بە 1500 دینار، ئەی من بچمە گەڕەکەکان بڵێم بە 2000؟ وەڵا تەماتەکە ئەدەن بە سەرمدا." سەوزەفرۆشێکی دیکە دەڵێت، "لە دەرەوەی شار هاتووین تەماتە بەم نرخە ببەینەوە، شارەکانمان دەڵێن: دوو رۆژە رەمەزان هاتووە گرانتان کرد."
جگە لە سلێمانی، لە هەولێر و دهۆک هەمان کێشەی گرانبوونی نرخی تەماتە بەهۆی قەدەخەی هاوردەکردنی هەبوو، هەر کیلۆیەک تەماتە بە نزیکەی 100% نرخەکەی گرانبوو.
زێرەڤان بەرواری، بازرگانی سەوزە و میوە دەڵێت، رێگە نادەن تەماتە بێت، ئەوەی ناوخۆ بەش ناکات، "500 تۆن لە حاجی ئۆمەران حازرە، رێگەی نادەن بێت، ئەوە بێت هەرزان دەبێت."
سەوزەفرۆشێکی هەولێر گوتی، "ئەمڕۆ یەک کیلۆی بووە 1700 دینار لە عەلوە، ئەگەر بەقاڵ بیکڕێت، دەبێت بیداتە 2000 دینار، ئەویش هێشتا زەرەر دەکات."
دوای دوو کاژێر لە گەیاندنی گلەیی و گازەندەی بازرگانان لە رێگەی تۆڕیی میدیایی رووداوەوە، وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتە دەنگ و بە راگەیێندراوێک وەڵامی دانەوە، قەدەخەی هاوردەکردنی تەماتەیشی هەڵگرت.
عەتا محەممەد، نوێنەری بازرگانەکانی عەلوەی سلیمانی رایگەیاند، "دوای بڕیارەکەی وەزیر، تەماتە تاڕادەیەک هەرزان بووە، لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا ئاسایی دەبێتەوە و وەکو جاران دەبێت."
پێشتر لە بازاڕەکان، یەک کیلۆ تەماتە بە 500 تاوەکو 700 دینار دەفرۆشرا، بەڵام بەهۆی کەمبوونەوە و خراپیی تەماتەی ناوخۆ، نرخەکەی گران بوو، کە پێداویستیی شارەکانی هەرێمی کوردستانی پڕنەدەکردەوە. لە دوو رۆژی داهاتووشدا نرخەکەی جێگیر دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ