دادگەی فیدراڵیی عێراق: ئەوانەی بەجێکردنی مووچەیان تەواو نەبێت، دەبێت مووچەیان بە کاش پێبدرێت
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی فیدراڵیی عێراق دەڵێت، پێویستە هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان پەلە بکەن لە بەجێکردن (بەبانکیکردن)ی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەوەش پێویستی بە کاتە، هەربۆیە ئەو فەرمانبەرانەی بەجێکردنیان تەواو نەبێت، پێویستە مووچەکەیان بە کاش پێبدرێت تاوەکو پڕۆسەی بەجێکردنەکە تەواو دەبێت.
رۆژی سێشەممە 12ی ئاداری 2024 لەبارەی رێکارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی، کە لە 21ی شووباتی 2024 دەریکرد سەبارەت بە خەرجکردنی شایستەی فەرمانبەرانی کوردستان، دادگەکە رایگەیاند، میکانیزمی بەجێکردن پێویستی بە کاتە، ئەوەش پاڵپشت بەو نووسراوەی کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی سەبارەت بە پارەدارکردن ناردوویەتی بە نووسراوی ژمارە 6369 لە 11ی ئاداری 2024.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دەڵێت، "ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەوبارەوە هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی بکات. بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی لەبارەی پرۆسەی بەجێکرنی مووچە بۆئەوەیە گەرەنتیی مافی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت، قوتیان پارێزراو بێت و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بەدیبێنێت."
دادگەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە، "پڕۆسەی بەجێکردن پێویستی بە کاتی پێویستە بۆئەوەی تەواو بکرێت، هەربۆیە دەبێت وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەلە بکەن و هەوڵی خۆیان بدەن بۆئەوەی پڕۆسەی بەجێکردنەکە بکەن."
سەبارەت بە مووچەی ئەو فەرمانبەرانەش کە پڕۆسەی بەجێکردنی مووچەیان بە هۆکاری تەکنیکی تەواو نەبێت، ئاماژەی بەوە کردووە، "دەبێت پارەکەیان بە کاش پێبدرێت تاوەکو پرۆسەی بەجێکردنی مووچەیان بە تەواوی تەواو دەبێت."