پسپۆڕێکی خۆراک هۆشداری لە بەکارهێنانی رەنگە خۆراکییەکان دەدات

رووداو دیجیتاڵ 

لێپرسراوی تاقیگەی بەکترۆلۆجیی ئاو و خۆراک لە سلێمانی، هۆشداریدەدات لە بەکارهێنانی مادە رەنگدارەکان بۆ خواردن و خواردنەوەکان و دەڵێت: "ئەگەر بە رێژەی ستاندارد و دیاریکراو بەکارنەهێنرێت دەبێتە هۆی نەخۆشیی کوشندە."
 
هیوا ساڵح، لێپرسراوی تاقیگەی بەکترۆلۆجی ئاو و خۆراک لە خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی کە هاوکات پسپۆڕی خۆراکیشە لەکاتی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی 'بەکاتی سلێمانی' کە هەفتانە ئاسۆ سەراوی پێشکێشیدەکات، رایگەیاند، باشترین خواردنەوەکان بۆ رۆژووانان لە مانگی رەمەزاندا، ئاو، ماستاوی خۆماڵی و ئاوی میوەی گوشراوە.
 
ساڵانە لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزاندا، فرۆشتن و خواست لەسەر شەربەتی رەنگاوڕەنگ دەبێتە باسی گەرمی خەڵک. 
 
پسپۆڕانی خۆراکیش هۆشداری لە مەترسی و لێکەوتەکانی ئەو شەربەت و خواردنەوانە دەدەن، کە رەنگی خۆراکییان تێدا بەکارهێنراوە.
 
هیوا ساڵح، کە پسپۆڕی خۆراکە و هاوکات لێپرسراوی تاقیگەی بەکترۆلۆجی سلێمانییە دەڵێت، ئەو رەنگانەی لە خواردنەوەکاندا بەکاردەهێنرێت، دەبێت بەرێژەیەکی زۆر کەم بەکار بهێنرێت و هەر رەنگێک رێژەیەکی دیاریکراوی هەیە بۆ بەکارهێنان و هەموویان وەکو یەک نین.
 
رەنگە خۆراکییەکان ئەو رەنگانەن بۆ خواردن و خواردنەوەکان بەکار دەهێنرێن، بەمەبەستی پێدانی رەنگێکی جوانتر و رەونەقدارتر.
 
ئەو پسپۆڕی خۆراک دەشڵیت، بەکارهێنانی رەنگەکان دەبێت بەگوێرەی ستاندارد و پێوەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی و لیژنە هاوبەشەکانیش بەردەوام رێنمایی دەدەنە فرۆشگا و شوێنەکان بۆ ئەوەی بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو مادانەدا بکرێت.
 
هیوا ساڵح دەشڵیت، شەربەتی مێوژی سروشتی زۆر مادەی بەسوودی تێدایە دژە شێرپەنجە و قەڵەوییە، بەڵام کاتێک خەڵک دەچێت شەربەتی دروستکراوی رەنگداری پڕ لە شەکر دەکڕێت، ئەمە مەترسیدارە.
 
هیوا ساڵح باس لەوەدەکات، بەکارهێنانی رەنگەکان بەگوێرەی جۆری رەنگەکان دەگۆڕدرێت بەشێوەیەک؛ رەنگی زەرد دەبێت 1 گرام رەنگ بۆ 10 لیتر ئاو بەکاربهێنرێت.
 
دەشڵیت، خواردنەوەی ئەو خواردنەوانەی کە رەنگدارن لێکەوتەی تەندروستی خراپی دەبێت بۆ جەستەی مرۆڤ لەکاتێکدا ئاوی میوە سرووشتییەکان سوودێکی زۆری تەندروستییان هەیە.
 
لێپرسراوی تاقیگەی بەکترۆلۆجی سلێمانی هۆشداری لە فرۆشتنی رەنگەکان لەبازاڕەکاندا دەدات و دەڵێت: " بەبێ هیچ رێنماییەک هاونیشتمانیان بە ئاسانی دەتوانن ئەو رەنگانە دەست بخەن، لەکاتێکدا ئەو رەنگە خۆراکییانە کۆنترۆڵ بکرێت. بەڵام ئێستا لەبازاڕەکاندا رەنگەکان وەکو بەهارات دەفرۆشرێت بەبێ بوونی رێنمایی بەکارهێنانی."
 
هیوا ساڵح دەڵێت، رەنگی شین کە بۆ خواردنەوەکان بەکاردەهێنرێت، ساڵی رابردوو بووە رۆژەڤ، ئەو رەنگە زۆرترین بەکارهێنانی هەیە لە دەرمان و خواردنە کحولی و شیرینییەکاندا، ئەم رەنگە لە هەموویان ئاسانترە و رێژەکەی زیاترە کە 2 گرام بۆ 10 لیتر ئاو، بەڵام رەنگی پرتەقاڵی دەبێت پێنج هێندەی رەنگی زەرد کەمتر بەکاربهێنرێت، ئەگەر زیاتر بەکاربهێنرێت مەترسیدارە." 
 
لەبارەی پشکنینی تاقیگەی بەکترۆلۆجی خۆراک و ئاوی سلێمانی، دەڵێت، هیوا ساڵح  دەڵێت، رۆژانە نزیکەی 80 نموونەی پشكنینی ئاو و خۆراک دەکەین.
 
لێپرسراوی تاقیگەی بەکترۆلۆجی سلێمانی باس لەوەدەکات، "هەتا رووباری تانجەڕۆ هەبێت سەوزەی پێ ئاوبدرێت سکچوون و رشانەوە لە سلێمانی هەر دەمێنێت."
 
گوتیشی، "رۆژانە تیمی ئێمە سەردانی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون دەکەن و لە کوالێتی ئاوی سیتییەکان دەکۆڵنەوە."