کاوە مەحموود: بڕیاری دادگەی فیدراڵی بۆ لادانی کورسیی کۆتاکان نادەستوورییە

رووداو دیجیتاڵ 

سکرتێری حیزبی شیوعیی کوردستان دەڵێت، جگە لە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمان، هەڵبژاردنی ئەمجارە لە سەرجەم هەڵبژاردنەکانی دیکە گرنگترە و لادانی کورسیی کۆتاش لەلایەن دادگەی فیدراڵی بە بڕیارێکی "نادەستووری" دەزانێت.
 
رۆژی سێشەممە، 12ـی مارسی 2024، شەش لایەنی سیاسی بۆ تاوتوێکردنی هاوپەیمانییەک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە.
 
دوای کۆبوونەوەکە، کاوە مەحموود، سکرتێری حیزبی شیوعیی کوردستان بە میدیاکانی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا هاوپەیمانیمان پێکنەهێناوە، بەڵکو گفتوگۆ بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەک دەکەین، دوو کۆبوونەوەمان بۆ ئەم مەبەستە کردووە و چەند پرۆژەیەک خراونەتەڕوو بۆ ئەوەی گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت."
 
لە کۆبوونەوەی یەکەمدا حیزبی شیوعیی کوردستان، پارتی سۆسیال دیموكرات، حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، پارتى كرێكاران ‌و ره‌نجده‌رانى كوردستان، پارتی پارێزگارانی کوردستان، یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان بەشداریانکرد، بەڵام ئەمڕۆ حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ئامادەی کۆبوونەوە نەبوو.
 
کاوە مەحموود لەبارەی هۆکاری بەشدارینەکردنی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا دەڵێت؛ "پێدەچێت بەهۆی ئەوەبێت کە حیزبی زەحمەتکێشان کۆبوونەوەی سەرکردایەتییان هەبووە، بەڵام ئەوان دەبێ خۆیان وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە کە بۆچی کشاونەتەوە".
 
رۆژی 3ـی ئاداری 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی، رۆژی 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
 
سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان پێیوایە؛ "جگە لە یەکەم هەڵبژاردن بۆ بنیاتنانی پەرلەمانی کوردستان، هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمان لە سەرجەم هەڵبژاردنەکانی دیکە گرنگترە، لەبەر ئەوەی کۆمەڵێک گوشار لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دروستبووە و رەوشێکی نوێی سیاسی هاتووەتەپێش، جگە لەمانە گۆڕانکاریی لە یاسای هەڵبژاردن کراوە کە لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە بڕیاریان لەسەر نەدراوە".
 
کاوە مەحموود دەڵێت: "دەبێت پەرلەمانی کوردستان مەرجەعی هەموو بابەتە چارەنووسسازەکان بێت، کە پەیوەندییان بە گەلی کوردستانەوە هەیە و پێشمانوایە سەرجەم بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی نادەستوورین، لەوانە؛ گۆڕانکاری لە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان و لابردنی کورسی پێکهاتەکان و کۆمەڵێک بابەتی دیکەش کە سەرجەمیان بریاری سیاسین".
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق 14ـی مانگی وەکو دوا وادە بۆ پێشکێشکردنی هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان دەستنیشانکردووە، سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستانیش دەڵیت: "وەکو شەش لایەنەکە دەمانەوێت یاداشتێک بدەینە کۆمسیۆن بۆ ئەوەی کاتی پێشکێشکردنی هاوپەیمانێتییەکان درێژبکاتەوە بۆ 18 تاوەکو 20ـی مانگ بۆ ئەوەی زەمینە خۆشبێت بۆ دروستبوونی هاوپەیمانی".