لە ئیلام دوو هاونیشتیمانی لەسێدارەدران
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان دوو هاونیشتیمانی بەتۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" لەسێدارەدران، کە یەکێکیان 32 ساڵ بوو لە زیندان بوو.
دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی موعین سلاح وەرزی، تەمەن 58 ساڵ و خەڵکی شاری ئاودانانی ئیلام و مەنسوور مەنسووری، تەمەن 44 ساڵ و خەڵکی شاری سەراوڵەی ئیلام، رۆژی دووشەممە، 11ـی ئاداری 2024، لە بەندیخانەی ناوەندی شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون.
رۆژێک بەر لە سێدارەدانیان، ئەو دوو بەندکراوە بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان، گواسترابوونەوە ژووری تاکەکەسی زیندانی ئیلام.
بەپێی زانیارییەکان، موعین سلاح وەرزی، تەمەن 58 ساڵ خەڵکی گوندی حەوت کانیی شاری ئاودانان، 32 ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەستی براکەی" دەستگیرکرابوو و لەو ماوەیەدا لە زیندانەکانی ئیلام و دەڕەشار بەند کرابوو.
ئێران لە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە، کە زۆرترین سزای لەسێدارەدانی تێدا جێبەجێ دەکرێت.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام رەخنە لە شێوازی دادگاییکردن و سەپاندنی سزای سێدارە لە دەسەڵاتی دادوەری ئەو وڵاتە دەگرن و دەڵێن، لە کاتی دادگاییکردنەکاندا مافی تۆمەتباران لەبەرچاو ناگیرێت و تەنانەت رێگە نادرێت بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، پارێزەر بگرن.
بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ساڵی رابردوو 823 بەندکراو لە زیندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە سێدارەدراون و 151 کەسیان کوردن، کە دەکاتە 18٪ـی کۆی ئەوانەی لەسێدارەدراون.