ئیدارەی گەرمیان: زەویی زیندانیانی سیاسی و کەسوکاری ئەنفالکراوان تاپۆ دەکرێت

12-03-2023
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان دەڵێت، 428 پارچە زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسی و کەسوکاری ئەنفالکراوان دابەشکراوە و دوو رۆژی دیکە دەتوانن زەوییەکانیان تاپۆ بکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، "بۆ چارەسەری گرفتی خزمەتگوزاریی زەوییەکانی ناحیەی رزگاری، پارچە زەوییە نایابەکان دەفرۆشرێن و خەرجیی پرۆژەکە دەکرێت."
 
رۆژی یەکشەممە 12-03-2023 جەلال نووری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان دوای کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی زیندانیانی سیاسی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، 428 پارچە زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسی و کەسوکاری ئەنفالکراوان دابەش کراوە و سوودمەندبووانیش لە دوو سبەیەوە [سێشەممە 14-03-2023] دەتوانن سەردانی شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن بۆ تاپۆکردنی زەوییەکانیان.
 
ساڵی 2019، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی لەسەر دابەشکردنی 11 هەزار پارچە زەوی پیشاندا بۆ ئەوەی کەسوکاری شەهیدانی ئەنفال لێیان سوودمەند بن؛ ئەو بڕیارە لە سنووری ئیدارەی گەرمیانیش ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان دەگرێتەوە.
 
ئەو زەوییانەی کە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بۆ کەسوکاری شەهیدان، ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی دانراون، دەکەونە سنووری ناحیەی رزگاری و سوودمەندبووان گلەیی ئەوە لە حکومەت دەکەن کە بۆ کاروباری تاپۆکردنی زەوییەکان کێشەی رۆتینی هەیە و زۆربەی زەوییەکان بە شێوەی ژمارەی کاتی ماونەتەوە.
 
جەلال نووری لەو بارەوە دەڵێت، "دوای ئەوەی نوێنەرانی زیندانیانی سیاسی سەردانی ئیدارەی گەرمیان و لایەنە پەیوەندیدارەکانیان کرد، داوای ئەوەیان کرد کە زەوییەکانیان تاپۆ بکرێن."
 
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان گوتیشی، لە ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ نوێنەرانی زیندانیانی سیاسی لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ ئەوەی تاپۆکردنەکە خێرا بەڕێوەبچێت و ئەو رۆتینەی هەیە بە زووترین کات تەواو ببێت.
 
جەلال نووری ئاماژەی بە چارەسەرکردنی گرفتی خزمەتگوزاریی زەوییەکانی ناحیەی رزگاری کرد و گوتی، "لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان قسەمان کردووە، ئەو زەوییە نایابانەی کە هەیە بفرۆشرێن، بۆ ئەوەی لە خزمەتگوزاریی ئەم پرۆژەیە خەرج بکرێن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە