بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە لە زینی وەرتێ پێنج کەس گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ 

شەوی یەکشەممە رووداوێکی هاتووچۆ لە زینی وەرتێ روویدا و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان بەلایەنی کەمەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە. ئەو ئۆتۆمبێلەی تووشی رووداوەکە بووە، وەرگەڕاوە.
 
شایەتحاڵێک کە خۆی چووەتە شوێنی رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رووداوە هاتووچۆکە لە پێچەکانی زینی وەرتێ بە دیوی رانیەدا روویداوە. ئەو کەسانەی کە تەرمەکانیشیان گوێزراوەتەوە، دوو ژن و دوو منداڵ و پیاوێکی بەتەمەن بوون.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو ئۆتۆمبێلەی کە تووشی رووداوی هاتووچۆ بووە، 9 کەسی تێدابووە کە سەر بە یەک خێزان بوون و چوار کەسی دیکەیشیان برینداربوون. بریندار و تەرمەکانیش بۆ نەخۆشخانەکانی رانیە گوێزراونەتەوە.
 
ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەکرد، ئەو خێزانەی تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون خەڵکی چۆمانن و خێزانێکی ناسراون. ئەوەشی گوت کە ئۆتۆمبێلەکە لە بەرزیی نزیکەی 100 مەترەوە کەوتووەتە خوارەوە.
 
ناوی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە:

- تۆفیق چەتۆ
- عائیشە عومەر
- بەفرین چەتۆ
- هەوراز شەماڵ
- بانە شەماڵ