تائێستا پارە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان خەرجنەکراوە

12-03-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیاربوو تاوەکو سەرەتای مانگی ئادار، کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان دەستبەکاربێت، بەڵام تائێستا کۆمپانیاکە دەستبەکارنەبووە و دیار نییە کەی دەستبەکاردەبێت. 
 
بەڕێوەبەری کارگێریی کۆمپانیاکەش دەڵێت: "داوامان کردووە بە یەکجار حەوت ملیۆن دۆلارمان بۆ خەرجبکرێت"، نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانیش دەڵێت، "ئەمساڵ ئەو بڕە پارەیە خەرجدەکەین، بەڵام بە چەند سولفەیەک"، ئەوەش کارەکانمان دوادەخات بۆیە داوامان کردووە بە یەک سولفە پارەکە وەربگرین و تائێستا لەوبارەوە رێکنەکەوتووین. 
 
دوای مانگێک لە گردبوونەوە، رۆژی 3-03-2023 هاونیشتمانییانی دەربەندیخان کۆتاییان بە گردبوونەوە هێنا بە ئومێدی جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان و بەتایبەتی دابینکردنی ئاوی پاک و کارەبای پێویست. گرفتی کارەبا چارەسەرکرا، بەڵام تائێستا دیارنییە کەی پڕۆژەی ئاوی سنوورەکە تەواودەبێت.
 
یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی قەزای دەربەندیخان دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە، بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە لە ساڵی 2013 بەردی بناخەی پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان دانرا، بەڵام بەهۆی نەدانی پارە، کۆمپانیای جێبەجێکار کارەکانی راگرت.
 
دوای ئەوەی هاونیشتمانییانی دەربەندیخان لە سەرەتای مانگی شوباتەوە دەستیان بە گردبوونەوە کرد و مانگرتنی سەرتاسەرییان راگەیاند، نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا زەوییەکی گرانبەها لە سلێمانی بە 20 ملیۆن دۆلار بفرۆشێت بۆ ئەوەی بۆ کۆمپانیای جێبەجێکاری پاڵاوگەی ئاوی سنوورەکە خەرجبکرێت و دەستبەکارەکانیان بکەنەوە.
 
"هێشتا هیچ بڕە پارەیەکمان بۆ پڕۆژەکە وەرنەگرتووە" 
 
رۆژی یەکشەممە 12-03-2023، هێمن سلێمان، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێشتا هیچ بڕە پارەیەکمان بۆ پڕۆژەکە وەرنەگرتووە و دیار نییە کەی پارەمان پێدەدرێت، بۆ ئەو بابەتەش لەسەر هێڵین لەگەڵ نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان."
 
بەگوێرەی دوایین رێککەوتن کە لە نێوان کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان و کۆمپانیای راسپێدراو لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کراوە، بەڵێندراوە ئەمساڵ حەوت ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای راسپێدراو بە سولفە خەرجبکرێت، بەڵام کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە بەوە رازی نییە و پارەکەی بەیەکەوە دەوێت. 
 
هێمن سلێمان دەڵێت: "ئەوان دەڵێن بە چەند سولفەیەک حەوت ملیۆن دۆلارتان پێدەدەین، بڕۆن ئامێرەکان هەمووی لە دەرەوە بهێنن چەندی تێچوو پێتان دەدەین، بەڵام بەوشێوەیە کارەکان دوادەکەون، بۆیە ئێمە دەڵێین حەوت ملیۆن دۆلارەکەمان بۆ خەرجبکەن؛ ئێمەش دوو ملیۆنی دیکە دەخەینە سەر ئەو پارەیە و دەبێتە نۆ ملیۆن دۆلار و کارەکان بەزووترین کات چارەسەردەکەین و کێشەی دەربەندیخانیش چارەسەر دەبێت." 
 
پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان زیاتر لە 55٪ی کارەکانی تەواوبووە، تەنیا کاری میکانیک و کارەبا ماوە، ئەگەر پڕۆژەکە تەواوبکرێت، سنووری قەزای دەربەندیخان دەتوانێت لە رێگەی ئەو پڕۆژەیەوە ئاوی پاکی دەستبکەوێت. 
 
"نووسینگەی قوباد تاڵەبانی بە هەموو شێوەیەک هاوکارن بۆ دووبارە دەستبەکارکردن لە پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان"
 
سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان بە رووداوی گوت، کۆمپانیای راسپێدراو لەگەڵ نووسینگەی قوباد تاڵەبانی لەسەر هێڵن بۆ دووبارە کارکردن لە پاڵاوگەی ئاوی سنوورەکە و هەموو هاوکارییەکیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی بەزووترین کات کارەکان دەستپێبکەن. 
 
قایمقامی دەربەندیخان دەشڵێت، رێککەوتنی یەکەمیان ئەوەبووە داوا لە کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی سنوورەکە بکەن بێنە پێشەوە و دەست بە کارەکانیان بکەنەوە تاوەکو سولفەیان بۆ خەرجدەکرێت، بەڵام ئەوان رازی نەبوون، چونکە هێشتا لەگەڵ کۆمپانیای راسپێدراو رێکنەکەوتوون.
 
رێککەوتنی دووەم، بەگوتەی سلێمان محەممەد، ئەوەبوو ئەو پارەیەی بۆ پاڵاوگەکە دیاریکراوە کە 10 ملیۆن دۆلارە بکرێتە موڵکی خەڵکی دەربەندیخان و بێتە سەر هەژماری قەزاکە تائێستا ئەوەش نەکراوە، بەڵام لەسەر هێڵن و کۆمپانیای راسپردراو بەڵێنی داوە بۆیان بکات، بەڵام بەگوتەی ئەوان کاری دەوێت. 
 
بە گوتەی قایمقام، ئەو 10 ملیۆن دۆلارە بکرێتە سەر هەژماری قەزاکەش هەر باشە، چونکە بۆ پڕۆژەی ئاوی سنوورەکەی خەرجدەکەن و دەڵێت: "یەکێک لە کێشەکانی نێوان هەردوو کۆمپانیا بێ متمانەیە کۆمپانیای راسپێدراو لەلایەن نووسینگەی کاک قوباد دەڵێت، حەوت ملیۆن دۆلار بدەم بەدەستی کۆمپانیا زەمان چییە کە پارەکە نەبات و نەگەڕێتەوە؟ ئەویش داوای زەمان دەکات."
 
کۆمپانیای راسپێدراو لەلایەن نووسینگەی قوباد تاڵەبانی بە کۆمپانیای جێبەجێکاری گوتووە، سێ ملیۆن دۆلارتان پێدەدەین و ئێوەش داوای ئامیرەکانتان لە دەرەوە بکەن ئەگەر ئامێرەکانتان داخڵی هەرێمی کوردستان کرد ئەوە حەوت ملیۆن دۆلاری دیکەشتان پێدەدەین کە دەکاتە 10 ملیۆن دۆلار، بەڵام هەردوولایان "بێ متمانەن" لە یەکتر بۆیە نەگەیشتوون بە رێککەوتن، ئەمە بە گوتەی قایمقامی دەربەندیخان. 
 
بودجەی پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان 19 ملیۆن دۆلارە. حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا چوار ملیۆن دۆلاری بۆ خەرجکردوون و کۆمپانیاکە لەسەر حیسابی خۆی بە گوژمەی زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلار کاری کردووە. 
 
هاوکار قادر، ئەندامی دەستەی راوێژکاریی گردبوونەوە و ناڕەزایی هاونیشتمانییانی دەربەندیخان کە لە 3ی ئەم مانگە کۆتاییان بە ناڕەزایەتییەکانیان هێنا بە رووداوی گوت، دەستەکەیان تاوەکو ئێستا کارایە و چاودێری جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی حکومەت دەکەن بۆ سنوورەکەیان، بابەتی کارەبا باشتر بووە، پارە بۆ تەندروستیی دەربەندیخان دابینکراوە و سەردانیان کردووە و کاری نۆژەنکردنەوە دەکرێت، بەڵام گرنگترین بابەت بۆ ئەوان بابەتی دابینکردنی ئاوی پاکە کە کێشەی بۆ دروستکردوون. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دایکەکە لەگەڵ دوو منداڵە ئۆتیزمەکەی. وێنە: رووداو

پیاوێک لە هەولێر ژنەکەی و دوو منداڵی ئۆتیزمی جێدەهێڵێت: داوای پیتزا دەکەن و پارەم نییە بیکڕم بۆیان

دایکێک لە هەولێر بە دوو منداڵی ئۆتیزمەوە، بەبێ هاوژین و ماڵی تایبەتی خۆی، ململانێ لەگەڵ سەختییەکانی ژیان دەکات. چیرۆکی ناخۆشییەکانی ئەم دایکە لەگەڵ هاوژینەکەی، ئەو کاتە دەستپێدەکات کە ژنەکە دوای پشکنین بۆی دەرکەوتووە دوو کچەکەی ئۆتیزمیان هەیە، دوای ئەوەش بڕیار دەدات منداڵەکانی بنێرێت بۆ سەنتەرێکی تایبەت بە منداڵانی ئۆتیزم، بەڵام "هاوژینەکەی رێگر بووە منداڵەکان بۆ راهێنان بچنە سەنتەر، رێگرییەکەش بووە هۆی لێکترازانی خێزانەکە."