رووداو - هەولێر
نزیکەی شەش مانگە قاچی راستی یوسفی سێ ساڵان بەهۆی شێوازێکی هەڵەی دەرزی لێدان تێکچووە. ئەو منداڵە ئێستا بەبێ یارمەتیدانی کەسێک ناتوانێت بە قاچەکانی بڕوات.
دایکی یوسف دەڵێت، "سکچوونی هەبوو، بردمانە لای ئەو پزیشکە و گوتم، حەبێکم پێبدە. گوتی، نابێت بە حەب. گوتم، حەبێکم پێبدە، هەموو جار کە تووشی سکچوون دەبێت بە حەب چاک دەبێت. گوتی، هەر دەبێت دەرزیی لێبدەیت و چوار دەرزیشی دەوێت. منیش گوتم، دەرزیمان لێنەداوە و زۆر لێی نادەین. گوتی، نا بە دەرزی چاک دەبێت. دواتر دەرزییەکەی لێدا، هەر کە لێیدا منداڵەکەم لەهۆش خۆی چوو."
یوسف لە 21ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو لەلایەن یاریدەدەری پزیشکێکی گەڕەکەکەیانەوە لە هەولێر دەرزیی لێدراوە. دایک و باوکی سکاڵایان لەسەر یاریدەدەری پزیشکەکە تۆمار کردووە و حەوت رۆژ گیراوە، بەڵام دواتر بە دەستەبەر ئازاد کراوە.
باوکی یوسف ڤیدیۆیەکی یوسفی پیشانی تیمی رووداو دا، کە بە گوتەی خۆی چەند هەفتەیەک پێش دەرزی لێدانەکەیە. لە ڤیدیۆکەدا قاچەکانی یوسف ئاسایی دەردەکەون و رۆشتنیشی تەندروست دیارە.
تۆفیق عەلی، باوکی یوسف دەڵێت، "پزیشکەکە گوتی، هیچ نییە و چاک دەبێت و کەیسی وا زۆرە، هەڵەی هونەرییە و نازانم چییە. گوتی، ئەو شتەیە. گوتم، کورە هەڵەی هونەریی چی، 100 جارمان دەرزی لێداوە چۆن وا نەبووە و بۆ ئەو جارە وای لێهاتووە؟ سکاڵامان کردووە بەڵام ئەوانە خەڵکمان بەگژدا دەنێن، خەڵکەکانیش هەمووی چەکدارن."
لەدوای رووداوەکە، پزیشکی پسپۆڕ یوسفیان رەوانەی سەنتەرێک کردووە و گوتوویانە، دەبێت هەفتانە لەوێ دوو رۆژ چارەسەری سرووشتی وەربگرێت.
دکتۆر هەژین تەڵعەت، بەڕێوەبەری سەنتەری هێلینا دەڵێت، "دەمارێکی عەزیەتی خواردووە، بەگوێرەی ئەو پشکنینانەی بۆی کراوە، دەمارێک هەیە کە بەرپرسە لەسەر جووڵەی هەستانەوەی پێ، ئەو دەمارەی ئیش ناکات ئێستا. زۆرجار دەرزی لێدان دەبێتە هۆکاری برینداربوونی ئەو دەمارە."
تیمی رووداو چووە لای ئەو یاریدەدەری پزیشکەی کە تۆمەتبارە. یاریدەدەری پزیشکەکە گوتی، "ئەو هەڕەشەی لێکردووم و هاتووەتە سەر دووکانم، من بە هیچ شێوەیەک هەڕەشەم لێنەکردووە. کابرایەکی کاسبین، لە 22ی کانوونی دووەم دەڵێت، ئەو دەرزیە حەوت مانگ پێش ئێستا لێی دراوە. لە راپۆرتە پزیشکییەکە زۆر روونە و لەلای جەنابیشتە راپۆرتە پزیشکییەکە."
ئەو راپۆرتە پزیشکییەی کە یاریدەدەری پزیشکەکە باسی دەکات لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر لە 22ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دەرچووە، تێیدا هاتووە کە حەوت مانگ پێش دەرچوونی ئەم راپۆرتە بە دەرزییەک یوسف وای بەسەرهاتووە؛ بەڵام دایک و باوکی یوسف قسەیەکی دیکە دەکەن، ئەوان راپۆرتە پزیشکییەکە بە ساختە دەزانن و دەڵێن، ئەمە راپۆرتە راستەقینەکەیە کە هەمان راپۆرتە، تەنیا شتێک کە تێیدا جیاوازە ئەوەیە کە یوسف بە دەرزییەک لە 21ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو وای بەسەر هاتووە.
ئێستا ئەم کەیسە لە دادگەیە، کلینیکی یاریدەدەری پزیشکەکە هەر کراوە بوو، تاوەکو رۆژی 8ی ئەم مانگە کە لەلایەن لیژنەیەکەوە داخرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ