کوردستان
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە و عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەڵەبجە رایدەگەیێنێت، لە 16ـی ئاداردا یادی کیمیابارانی هەڵەبجە بەرز رادەگرن و وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراونیش دەڵێت، هەرچی بۆ هەڵەبجە و کەسوکاری شەهیدان بکرێت، ناکاتە دڵۆپێک خوێنی شەهیدەکان.
ئەمڕۆ شەممە 12-03-2022، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون بەشداری دوایین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای 34ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەی کرد و دوای کۆبوونەوەکە، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا رایگەیاند: "بۆ رۆژی چوارشەممە کە دەکاتە 34ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، یادێکی شکۆمەندانە و پڕ شکۆ بۆ کەسوکاری قوربانیان و بریندارانی کیمیاباران و منداڵانی ونبوو و رزگاربووانی هەڵەبجە دەکەینەوە".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون رایگەیاند: "بە داخەوە لە چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی کۆرۆنا، قەیرانی دارایی، شەڕی داعش و ئەو گیروگرفتانەی لە رابردوودا هاتوونەتە پێشمان، نەمانتوانیوە وەکو پێویست یادی کیمیاباران بکەینەوە".
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود گوتیشی: "لەگەڵ ئەوەش ساڵانە هەوڵەکانمان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو یادە بەرز رابگرین، ئەمساڵیش ئامادەکاری بۆ چۆنیەتی بەرزڕاگرتنی ئەو یادە کراوە".
وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراون هەروەها باسی لەوەش کرد، هەرچی بکرێت بۆ هەڵەبجە و کەسوکاری شەهیدان، ناکاتە دڵۆپێک خوێنی شەهیدەکان.
لەبارەی بەرنامەی کاری رێوڕەسمەکەش، کامەران مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە گوتی: "لە کاژێر 7:30 بۆ 08:00ـی بەیانی لەسەر مەزاری شەهیدان دەبن، ئەو خەڵکەی کە دێت تاجە گوڵینە دادەنێت، پێشوازیان لێدەکەین. لە کاژێر 10:00ـی بەیانی لە مەرزاری شەهیدان چالاکییەکانی رێوڕەسمی 34ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت. لە کاژێر 11:30 ئامادەبووانی رێوەڕەسمەکە لەسەر پێ دەوستن، چەندین وتارێک پێشکێش دەکرێن و چالاکی میوزیک بەڕێوەدەچێت. هەروەها لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە دوو پێشانگە دەکرێتەوە. لە کاژێر 2 بۆ 4 لە زانکۆی هەڵەبجە چالاکیی بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ چەندین چالاکی دیکەی جۆراوجۆر".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ