سلێمانی؛ دوای ئەنجامدانی دزی لە ماڵێک، پیاوی ماڵەکە گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

سێ کەس لە سلێمانی بە ناوی خزمایەتییەوە دەچنە ماڵێک و دوای بەستنەوەی دەست و دەمی ژنێک، دزی لە ماڵەکەدا دەکەن. لەو کاتەدا پیاوی ماڵەکە لە مزگەوت بووە و دوای ئەوەی کە دەگەڕێتەوە ماڵەوە گیانی لەدەستدا.
 
سەعدییە حەمە ئەمین، دانیشتووی گەڕەکی سەرشەقامە لە سلێمانی و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دزەکان هاتنە ماڵ و گوتیان ئێمە فڵان و فڵانین، ناوی من و هاوژینەکەمیان گوت، ناوی کەسێکی ناسراوی منیان هێنا، گوتی هاتووین کاک خەلیل کێشەمان بۆ چارەسەر بکات، منیش گوتم لەماڵ نییە، گوتیان تۆ ئاومان بۆ بهێنە و دەچین لەفە دەخۆین تاوەکو خۆی دێتەوە، منیش گوتم نا مەچن لەماڵی ئێمە نان بخۆن، من چوزانم ئەوان نیازیان خراپە، دواتر هاتنە ژوورەوە و دەمانچەی خستە سەر سەرم و گوتی قسە بکەی دەتکوژم، دەست و دەم و قاچی بەستمەوە."
 
هاوژینی سەعدییە ناوی خەلیلە و تەمەنی 52 ساڵ بووە، دوای گەڕانەوەی لە نوێژی هەینی، دەبینێت سەعدییەی هاوژینی لە چێشتخانەی ماڵە بچوکەکەیان بەستراوەتەوە، دوای کردنەوەی دەست و دەمی، پەیوەندی بە پۆلیسەوە و دەکات، دواتر بەرگەی رووداوەکە ناگرێت و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.
 
سەعدییە حەمە ئەمەین باسی لەوەش کرد، "تەلەفۆنەکەی لێرەدا کرد و بە پشتا کەوت، گوتی سەعدییە جەڵتە لێیدام و ئیدی مرد."
 
پۆلیسی سلێمانی پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوی دزیکردنەکە کردووەتەوە و دەڵێن، سەرەداومان دەستکەوتووە. جەلیل سەعید، برای خەلیلە و گوتی، "کێشەکەمان رادەستی یاسا کردووە و کێشەمان لەگەڵ کەس نییە، گومانیشمان لەکەس نیە."
 
خەلیل لە ساڵی 1986 پۆلیسی ئاگرکوژێنەوە بووە، ماوەی 30 ساڵە لەگەڵ سەعدییە ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە و منداڵیان نەبووە. بەگوتەی سەعدییە حەمە ئەمین، لە رووداوی دزیکردنەکەدا زیاتر لە 30 هەزار دۆلار، 6 ملیۆن دینار و ملوانکەیەکی ئاڵتونیان دزراوە.