پڕۆفیسۆرێکی زانکۆی سۆران بە یەکێک لە باشترین سەد توێژەرانی جیهان ناسێندرا

رووداو-هەولێر

پڕۆفیسۆر محەممەد سەجادی، کە توێژەرێکی جیهانیی بواری کیمیایە و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە زانکۆی سۆران کاردەکات، بە یەکێک لە سەد باشترین توێژەرانی جیهان لە ساڵی 2019 ناسێندرا.
 
دامەزراوەی Clarivate Analytics رۆژی پێنجشەممە 12ی ئاداری 2020 ئیمەیلێکی بۆ پرۆفیسۆر سەجادی رەوانە کردووە و تێیدا هاتووە کە بەهۆی ئەوەی توێژینەوەکانی زۆرترین جار لە بواری کیمیادا سایت کراون (واتا ئەنجامی توێژینەوەکانی بەکارهێندراوە لە توێژینەوەی دیکەدا)  بە یەکێک لە سەد زانا دیارەکانی دونیا دەستنیشانکراوە بۆیە بەو بۆنەوە پیرۆزبایی لێدەکات.
 
دامەزراوەکە لە پیرۆزباییەکەدا هەوڵەکانی پرۆفیسۆر سەجادی ماندوونەناسانە ناوبردووە کە هۆکارن بۆ "پێشخستنی زانست و داهێنان"، رایدەگەیێنێت "ژمارەیەکی یەکجار کەم لە زانا و توێژەری دونیا ئەو پایە و شانازییە بەدەست دەهێنن".
 
هەروەها زانکۆی سۆران پیرۆزبایی لە پرۆفیسۆر سەجادی دەکات بۆ ئەو سەرکەوتنە و رایدەگەیێنێت: "لێرەدا مافی خۆمانە وەکو زانکۆی سۆران شانازی بکەین و چیرۆکی سەجادی وەکو یەکێک لە نموونەکانی سەرکەوتن باس بکەین. پرۆفیسۆر سەجادی کە هاتە کوردستان، لە زانکۆی دیکە دەرگاکانی کارکردنی بە هۆکاری جۆراوجۆر بەڕوودا داخران. زانکۆی سۆران ئامێزی بۆ کردەوە و زەمینەی گەشەکردنی تواناکانی و هەڵفڕینی بۆ رەخساند. ئەم دەرفەت رەخساندنە لەسەر بنەمای ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتووی دونیایە، کە زانکۆ دەکەنە مەڵبەندی گەشەی هزری و شوێنی ئەو کەسانە دەکەنەوە، کە دەتوانن داهێنان بکەن". 
 
زانکۆی سۆران هەروەها رایدەگەیێنێت: "دکتۆر سەجادی وەکو توێژەرێکی کارا لە سۆران دکتۆراکەی تەواوکرد و پلە زانستییەکەی گەیاندە پرۆفیسۆری. ئەو متمانەیەی کە لە زانکۆی سۆران پێی درا، زۆری پێویست نەبوو تا سەجادی لە سۆرانەوە بگاتە ئەو سەری دونیا و شانازی ئەوە بەدەستبهێنێ، کە بچێتە پاڵ 99 زانای دیکەی دونیا، کە لەسەر ئاستی گەردووندا لە بواری تایبەتی کیمیادا ببنە ئەستێرە".

 

 
لەکۆتایی پەیامە پیرۆزباییەکەی زانکۆی سۆران بۆ پرۆفیسۆر سەجادی هاتووە: "ئەگەر دەرفەتی گونجاو بڕەخسێندرێ، وەکو تەواوی زانکۆ دیارەکانی دونیا، لە کوردستانیش دەکرێ داهێنان بکرێ و زانای دیار لە بواری جۆراوجۆردا هەڵبکەون و بگەنە ئاستی زاناکانی دونیا. شانازی دەکەین کە زانکۆی سۆران لە یەکەم دەیەی تەمەنیدا ئەو ڕاستییەی سەلماندووە".