قوباد تاڵەبانی و سەرۆکوەزیرانی ئیستۆنیا حکومەتی ئەلیکترۆنی تاوتوێدەکەن

12-03-2019
نیشانەکردن ئەلیکترۆنی
A+ A-

رووداو - هەولێر

لە دووەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ ئیستۆنیا، ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ یوری راتاس، سەرۆکوەزیرانی ئیستۆنیا کۆبووەوە و تاوتوێی گواستنەوەی ئەزموونی ئەو وڵاتەیان لە بواری حکومەتی ئەلیکترۆنی بۆ هەرێمی کوردستان کرد.

بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی ئیستۆنیا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکەی قوباد تاڵەبانی بۆ ئیستۆنیا دەربڕی. هەردوولاش پێداگربوون لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان، بەتایبەت لە بواری حکومەتی ئەلکترۆنیدا.

یوری راتاس ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ یارمەتیدانی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری دروستکردنی حکومەتی ئەلیکترۆنی و گواستنەوەی ئەزموونی وڵاتەکەی لەو بوارەدا بۆ هەرێمی کوردستان، دەربڕیوە.

سەرۆکوەزیرانی ئیستۆنیا بانگهێشتنامەیەکی پێشکەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە حکومەتی ئەلیکترۆنی، کە بڕیارە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا لە ئیستۆنیا بەڕێوەبچێت.

قوباد تاڵەبانی سوپاسی حکومەتی ئیستۆنیای کردووە و ھیوای خواستووە لە داھاتوودا بتوانن سوود لە ئەزموونی سەرکەوتوویان ببین لە بواری حکومەتی ئەلیکترۆنیدا.

لە کۆبوونەوەکەدا هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری هەرێمی کوردستان و سەفین غەفوور، راوێژکاری تایبەتیی قوباد تاڵەبانی بەشداربوون.

هەر ئەمڕۆ جێگری سەرۆکوەزیرانی هه‌رێمی كوردستان سەردانی مەڵبەندی تۆماری زانیاریی ئیستۆنیای کردووە. بەرپرسانی مەڵبەندەکە باسیان لە گرنگی ئەرک و کارەکانی مەڵبەندەکەیان کرد کە هەموو داتا و زانیارییەکانی حکومەتی ئیستۆنیا لەخۆدەگرێت و بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی تۆمارکراون.

رۆژی دووشەممە 11-3-2019 لەسەر بانگهێشتی سەرۆكوەزیرانی ئیستۆنیا و بەسەردانێكی فەرمی،  قوباد تاڵەبانی گەیشتە تالینی پایتەختی ئەو وڵاتە. ئامانجی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان، جگە لە بەهێزكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان، ئاشنابوونە بە ئەزموونی پێشكەوتووی ئیستۆنیا لە بوارەكانی حكومەتی ئەلیكترۆنی و بەسیستماتیككردنی دامودەزگاكان.

 

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ جێگری سەرۆكوەزیرانی ئیستۆنیا کۆبووەوە

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە