بەرپرسانی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوەكەیان بە زۆر باش وەسف دەکەن
رووداو- هەولێر
بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جارێكی دیكە بەرامبەر یەک دانیشتن بۆئەوەی کار لەسەر کەمکردنەوەی ئەو جیاوازیانە بکەن کە حیزبەکانیان لەسەر دۆخی سیاسی باشووری کوردستان هەیانە.
چاوەڕێ دەکرا لەڕێی مایکی دەزگاكانی راگەیاندن ئەنجامی کۆبوونەوەکە بە خەڵك بگوترێت، بەڵام پێدەچێ هێشتا نە گەیشتبنە کۆتایی تونێلەکە، بۆیە پێیانوابوو جارێ زووە لەبەردم مایکەکان قسە بکەن.
ئێوارەی رۆژی شەممە 12-3-2016، هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كۆبوونەوەیەكی دوو كاژێرییان ئەنجامدا. فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی سەرۆكایەتی شاندی حیزبەكەی دەكرد و لە د. رۆژ نووری شاوێس و مەحموود محەممەد، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پێكهاتبوو.
هەروەها مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی سەرۆكایەتی شاندی حیزبەكەی دەكرد و عومەر فەتاح و حاكم قادر، ئەندامانی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی تێیدا بەشداربوون.
دوای كۆبوونەوەكە فازڵ میرانی تەنیا چوار وشەی بە تۆڕی میدیایی رووداو گوت "كۆبوونەوەكە زۆر باش بوو". عومەر فەتاحیش گوتی "كۆبوونەوەكە زۆر باش بوو، بەردەوام دەبین".
پارتی و یەکێتی لەوەدا هاوبەشن هەردووکیان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان ناڵێن نا، بەڵام میکانزمەکانی ئەو کاراکردنەوەیە خاڵی ناکۆکیانە، پارتی دەڵێت کاراکردنەوە بەبێ یوسف محەممەد.
بەڵام یەکێتی لەمەدا بە دڵی پارتی قسە ناکات، قسەیەک دەکەن کە بە دڵی بزووتنەوەی گۆڕانە، دەڵێن با سەرۆکی پەرلەمان بگەڕێتەوە، دوای ئەوە قسە لەسەر رێکكەوتنی نوێ بۆ دیاریکردنی دەستەیەکی نوێ یان مانەوەی ئەو دەستەیەی ئێستای سەرۆکایەتی پەرلەمان بکرێت.
بۆ کەمکردنەوەی ئەو جیاوزییە وەک ئەندامەکەی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێ، بەردەوام دەبن.
دوو رۆژ لەمەوبەریش مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا بە کادیرانی حیزبەکەی گوت " خەریکە لەگەڵ یەکێتی دەگەینە لێکتێگەیشتنێک، بەڵام بەدڵنیاییەوە بەو سیغەیەی پێشتر نابێت".
ئەوە دووم کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتییە لەماوەی یەک هەفتەدا، لە کۆبوونەوەی یەکەمدا ئەم لیژنەیان پێكهێنا، بە گوتەی خۆیان بێت، بەردوام دەبن تا ئەو کاتەی کۆتایی بەو قەیرانە سیاسییە دێنن.