رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گرێبەستی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئیتاڵیا واژۆ دەکەن بۆ گرنگیدانی زیاتر بە بەرهەمی باخداری و زیادکردنی زەیتی زەیتوون لە کوردستان.
لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا، دوو رۆژە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ستافێکی تەکنیکیی وەزارەتی کشتوکاڵ لە کۆڕبەندی ئابووری لە ئیتاڵیا بەشدارن.
شاندەکەی هەرێمی کوردستان پێکهاتوون لە سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە؛ محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و نوێنەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.
رۆژی چوارشەممە 12ی شوباتی 2025 هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە کۆڕبەندەکەدا بەرپرسانی حکومەتی ئیتاڵیا و ژوورە بازرگانییەکان و ژمارەیەکی بەرچاو لە وەبەرهێنەرانی کوردستانی و ئیتاڵی ئامادەن، تێیدا هەردوولا گرنگی بە هاوکاری و هاوئاهەنگیی کارکردنی دوولایەنە دەدەن.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "ئەمڕۆ لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا هەنگاوێکی زۆر گرنگ بۆ پاڵپشتیی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کورستان دەستپێدەکات، کە بریتییە لە واژۆکردنی گرێبەستێک لەنێوان وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەی کشتوکاڵی پێشکەوتوو لە ناوچەی دەریای ناوەڕاست لە شاری باری."
ئاماژەی بەوەش کرد، "گرێبەستەکە بە ناونیشانی بەهێزکردنی ناوچە گوندنشینەکانی هەرێمی کورستان لە رێگەی پەرەپێدانی بەردەوامی زەیتی زەیتوونە."
بە گوتەی هیوا عەلی، ئامانج لەم گرێبەستە گرنگیدانە بە کەرتی باخداری لە ناوچە گوندنشینەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ باشترکردنی کواڵێتی زەیتوون، پەرەپێدانی زنجیرە بەهای زەیتوون لە بەرهەمهێنانەوە تاوەکو پیشەسازی و دروستکردنی زەیتی زەیتوون و بە بازاڕکردنی."
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ باسی لەوەش کرد، "دوای گەڕانەوەی شاندەکە، راستەوخۆ ئەم گرێبەستە جێبەجێ دەکرێت."
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ بڵاویکردەوە، "بەرپرسانی حکومەت و خاوەن کۆمپانیاکانی ئیتاڵیا، تێڕوانیێکی زۆر باشیان هەیە لەسەر وەچەرخانی ئابووری و کشتوکاڵ و سەرمایەگوزاری لە هەرێمی کوردستان."
وەزیری کشتوکاڵ ئەوەی خستەڕوو، ئیتاڵییەکان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە هەنگاوی زیاتر بنێن بەڕووی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە پاڵپشتی دابینکردنی ئامێر و کەلوپەلە کشتوکاڵییەکان و هێنانەکایەی سیستمی ئاودێریی پێشکەوتوو، بەپیشەسازیکردن و بەبازاڕکردنی بەرووبوومە خۆماڵییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، هەروەها گرنگیدان بە ستراتیژی ئیدارەدانی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بە گواستنەوەی ئەزموونی وڵاتی ئیتاڵیا لە چۆنیەتی دروستکردنی بەنداو و پۆند و پڕۆژەکانی ئاودێری."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ