رووداو دیجیتاڵ
دوو هەفتەیە لە مزگەوتێکی هەولێر گوتاری هەینی بە زمانی ئاماژەش پێشکێش دەکرێ. گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، "پڕۆژەکە فراوان دەکەین و لە هەموو هەرێمی کوردستان گرنگی پێدەدرێت."
رۆژی چوارشەممە، 12ـی شوباتی 2025، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نابیستانی هەولێر هاتن بۆ لامان و داوایانکرد، گوتاری هەینی لە مزگەوتەکان بە زمانی ئاماژە پێشکێش بکرێت."
زیاتر لە 1200 نابیست لە هەولێر هەن. گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، "ئێستا بۆ نابیستان لە مزگەوتی رەوزە لە فەرمانبەران، وەرگێڕێکی زمانی ئاماژە دانراوە."
بە گوتەی نەبەز ئیسماعیل، "هەوڵدەدرێت پڕۆژەکە لە هەموو هەرێمی کوردستان گرنگی پێبدرێت، ئەگەر لە پارێزگاکانی دیکەش داوایانکرد بۆیان دادەنرێت."
هاوکات موستەفا خەتاب، وەرگێڕی زمانی ئاماژەی نابیستان لە هەولێر بە رووداوی گوت، "لە سلێمانی 634 کەس، لە کەرکووک 1700 کەس و لە دهۆک 430 کەسی نابیست هەن."
ئەو وەرگێڕە دەڵێت، "دایک، باوک، دوو برا، خوشکێکم، خاڵ و مامەکانم نابیستن، لە پێنج ساڵیەوە کاری وەرگێڕی دەکەم و ئێستاش لە مزگەوتی رەوزە لە فەرمانبەران وەک وەرگێڕی گوتاری هەینی دانراوم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ