رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک فەرمانبەری گرێبەست لە وەزارەت و دامودەزگەکانی هەرێمی کوردستان لە مانگی تەممووزی پارەوە دەستبەکار بوون و دەڵێن "تاوەکو ئێستا، هیچ مووچەیەکمان وەرنەگرتووە."
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 12ـی شوباتی 2025) عائیشە محەممەد، یەکێکە لەو فەرمانبەرانەی لەسەر وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە گرێبەست دامەزراوە، بە رووداوی گوت "ئێمە، ژمارەیەک فەرمانبەری گرێبەستین، کە لە سەرجەم دامودەزگا حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، لەدوای رێککەوتی 1ی 7ی 2024ـەوە دەستبەکاربووین، ژمارەمان لە وەزارەتی دارایی بە داتا هەیە و فەرمانی وەزاری و فەرمانی کارگێڕیمان هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شایستەییەکی داراییمان وەرنەگرتووە."
ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەمبارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ناوی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی بەگرێبەست دامەزراون، لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، رەزامەندی لەسەر دراوە و رەوانەی وەزارەتی دارایی کراوە، بۆ ئەوەی لەسەر داهاتی ناوخۆ مووچەیان بۆ خەرج بکرێت.
ئەو فەرمانبەرانەی بە گرێبەست دامەزرێنراون سەر بە چەند وەزارەتێکن، بە گوتەی ئاریان ئەحمەد، تەنیا لە وەزارەتی کار "نزیکەی 200 فەرمانبەر بە گرێبەست دامەزرێنراون و لە 1-7-2024ـەوە دەستبەکاربوون."
گوتەبێژی وەزارەتی کار گوتیشی "سەرجەم مووچەی ئەو مانگانەش کە تاوەکو ئێستا وەریاننەگرتووە، قەرزە لە ئەستۆی حکومەت و پێیاندەدرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ