لە دوو ساڵدا هەرێمى کوردستان یەک تریلیۆن دینار قەرزى کۆنی داوەتەوە

12-02-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە دوو ساڵی رابردوودا، هەرێمى کوردستان زیاتر لە یەک تریلیۆن دینار قەرزى پێشووى بانکە حکومییەکانى عێراقى داوەتەوە.
 
ساڵى 2023 بڕى 363 ملیار دینار و ساڵى 2024، 371 ملیار دینار قەرز لە هەرێمى کوردستان وەرگیراوەتەوە، ئەوەش بەپێى نووسراوێکى جەمیل ساجب یوسف، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى ژمێریاریى وەزارەتى دارایی فیدراڵ لە وەڵامى چەند پرسیارێکى سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق کە ئاراستەى کردووە.
 
سۆران عومەر بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەو قەرزانەى دراونەتەوە، کۆنن و قەرزى مووچە لە پشکى هەرێمى کوردستان نەبڕدراوە".
 
بەگوێرەى مادەى 59ـی یاساى بودجەى گشتیی عێراق، ئەو قەرزانەى کە لە 2022 و 2023 دراونەتە هەرێمى کوردستان، لە پارەى بانکى تى بی ئاى لە ماوەى 7 ساڵدا دەدرێتەوە، بەو پێیە بۆ هەر ساڵێک 636 ملیار دینار دەدرێتەوە. 
 
لە کۆبوونەوەى 17ـی ئەیلوولی 2023ـی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیار درا بە سێ گوژمە بڕى دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار وەک قەرز بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ مووچەى مانگەکانى ئەیلوول، تشرینى یەکەم و تشرینی دووەمى ساڵی 2023 بنێردرێت و لە پشکى 2024 ببڕدرێت، بەڵام سۆران عومەر دەڵێت: "قەرزی سێ مووچەکەی 2023 وەرنەگیراونەتەوە و لەسەر هەرێمى کوردستان ماون".
 
بەشێک لەقەرزەکانى سەر هەرێمى کوردستان لە قۆناخى پێش دەستبەکاربوونى ئەم حکومەتەى ئێستاى عێراق بوون.
 
سۆران عومەر ئاماژە بەوەدەدات، لە رێگەى بەدواداچوونى بۆ ئەو پرسە بڕى ئەو قەرزانەى جگە لە دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینارەکە لەسەر هەرێمى کوردستان ماون بریتین لە، یەک تریلیۆن و 600 ملیار دیناری بانکی تى بی ئاى، 998 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگەکانى حوزەیران و ئابى 2023.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە