کۆمەڵەی قوربانییانی چەکی کیمیایی: چوار کەس گلێنەیان بۆ چێنرا و سەرجەمیان کوێر بوون
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی چەکی کیمیایی رایگەیاند، لە رابردوودا گلێنەی چاو بۆ چوار بەرکەوتەی چەکی کیمیایی چێنراوە، هەرچواریان کوێر بوون.
دووشەممە، 12-02-2024، لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی بەرکەوتەی چەکی کیمیایی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیاربوو حکومەتی عێراق، ژمارەیەک بەرکەوتەی چەکی کیمیایی رەوانەی دەرەوە بکات بۆ چاندنەوەی گلێنە، دوای سەردانی لیژنەیەک، 19 کەس دەستنیشانکران، بەڵام دواتر بڕیاریاندا بیانبەن بۆ کەربەلا، بۆیە ئەوانیش نەڕۆشتن.
لوقمان عەبدولقادر گوتی "چاندنی گلێنە، پرۆسەیەکی درێژخایەنە و دەبێ پزیشکەکە، دوای چاندنەکە چەندینجار نەخۆشەکەی ببینێتەوە. لە ئێران گلێنە بۆ چوار بەرکەوتەی چەکی کیمیایی هەڵەبجە چێنرا، بەڵام لەبەرئەوەی نەنێردرانەوە بۆ لای پزیشک، هەر چواریان کوێر بوون."
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی بەرکەوتەی چەکی کیمیایی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا 22 بەرکەوتەی چەکی کیمیایی پێویستیان بە چاندنی گلێنەیە، بەڵام هیچ ئاسۆیەک بۆ ناردنیان بۆ دەرەوە نییە.
نزیکەی 500 برینداری بەرکەوتەی چەکی کیمیایی لە هەرێمی کوردستاندا هەن.