دارای حاجی ئیبراهیمی چەرمەگا: داوا لە دێرین عوزێری دەکەین خۆی رادەستی یاسا بکات

رووداو دیجیتاڵ 

کەسایەتییەکی عەشیرەتی عوزێری بە رووداوی راگەیاند، ئەوان دوورن لە هەر کارێکی خراپ کە ئەگەر دێرین عوزێری کردبێتی و رەتیدەکاتەوە ئەو بابەتە پەیوەندی بە عەشیرەتەکەیانەوە هەبێت.

هەروەها داوای لێدەکات، خۆی رادەستی یاسا بکات و دەشڵێت، "ئەگەر ئەمە نەکات نابێ لەم شارەدا بژیێت".

رۆژی دووشەممە 12ـی شوباتی 2024، دارای حاجی ئیبراهیمی چەرمەگا، کەسایەتی عەشیرەتی عوزێری لە بووڵتەنی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "کوێخا دێرین یەکێک بووە لە گەنجەکانی ئێمە، بەڵام قەت لەگەڵ ئەوە نەبووین بچێت و تەعەدا لە خەڵک بکات و سەرانە وەربگرێت، لەبەرئەوەی یاسا سەروەرە و ئێمە پاڵپشتی لەو گەنجە ناکەین".

دارای حاجی ئیبراهیمی چەرمەگا دەڵێت، "کوێخا دێرین بەناوی حکومەت یان لایەنێکەوە تەعەدای لە خەڵک کردووە، خۆیان دەبوایە لێپێچینەوەی لێبکەن بەر لەوەی ئەم رووداوانە رووبدەن، ئێمە خەم لەوە دەخۆین ناوی عەشیرەتەکەمان پیس ببێت، ئەوەی ئێستا لە میدیاکان باسدەکرێت، هیچ پەیوەندییەکی بە عەشیرەتی عوزێرییەوە نییە".

 
ئەو کەسایەتییەی عەشیرەتی عەوێزی باسی لەوە کرد کە کوێخا عوزێری سەر بە یەکەی 70ـی هێزەکانی پێشمەرگەیە و گوتی، "ئێمە بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەوە نەبووین سەرانەی لە خەڵک وەرگرتووە و تەنانەت ئەو کەسەش کە تەقەی لێکراوە ناسیاوی خۆمە و پێوەندیم لەگەڵیان هەیە".

دارای حاجی ئیبڕاهیمی چەرمەگا ئەو قەڵایەی کوێخا دێرین بە ناوەندێکی بڕیاردانی عەشیرەتی عوزێری نازانێت دەشڵێت، "بۆ دروستکردنی پرسی بە هیچ ریشسپییەکی ئێمە نەکردووە و دەبێت بەو پارەیە دروستیکردبێت کە لە خەڵکی وەرگرتووە".

 
بە گوتەی دارای حاجی ئیبراهیمی چەرمەگا، "یەک ریشسپی عەشیرەتی عوزێری تاوەکو ئێستا نەچووەتە ئەو قەڵایەی کوێخا عوزێر" و وەکو ئاماژەی پێدەدات؛ "قەڵاکە تەنیا خانوویەکە و دروستدەکرێتەوە، بەڵام من کێشەم لەگەڵ ناوی قەڵاکە هەیە. ئێمە هەموومان تاکێکین لە عەشیرەتی عوزێری، ئەو کابرایە ویستوویەتی ئیستغلالی ئەو ناوە بکات و لەو رێگەیەوە خۆی بکات بە کوێخای عوزێری و خەڵک پرسی پێ بکات، لەبەر ئەوەی پیاوی دەسەڵات بووە".

بە گوتەی ئەو کەسایەتییەی عەشیرەتی عوزێری، دوای فەرمانی دەستگیرکردنی کوێخا دێرین پەیوەندی بە عەشیرەتەکەیەوە نەکردووە و دەڵێت، "من دوو ساڵیش دەبێت ئەو کوێخا دێرینەی باسی دەکەن، نەمبینیوە و تەلەفۆنیشی بۆ نەکردووم، ئەوەی کردوویەتی هەڵەیە و دەبوایە چووبایە بەردەم یاسا".

لەبارەی دەنگۆی پاڵپشتیکردنی گەنجانی عەشیرەتی عوزێری، دارای حاجی ئیبراهیمی چەرمەگا دەڵێت، "پشتگیری هیچ کارێکی نایاسایی ناکەین و ئەگەر گەنجێکیش ویستبێتی پشتگیری کوێخا دێرین بکات، کارێکی خراپی کردووە، لەبەر ئەوەی ئێمە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی خۆمان دەزانین، داواش لەو گەنجانە دەکەم، ئەگەر قسەیەکیان کردبێت بێنەوە سەر ئەو ئاستەی کە یاسا ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبات، هەرچەند نەمبیستووە هیچ گەنجێک پشتگیری لێ کردبێت".

زیاتر روونیدەکاتەوە، "لە شۆڕشی جەنابی بارزانی و شۆڕشی نوێدا زیاد لە 500 شەهیدمان داوە، قەت پیاوخراپ نەبووین و نین، هاوکات لەگەڵ ئەوەش نین بەرگری لە کەسانێک بکەین دژی حکومەتی خۆمان بن و چاوەڕێ دەکەین لەم چەند رۆژەدا کاک بافڵ ببینین، چارەسەری ئەم کێشەیەش تەنیا ئەوەیە کوێخا دێرین بچێتە بەردەم یاسا، یەکێک تەعەدا لە کوڕی خەڵک بکات و پارەی لێ بستێنێت، دەبێ سزای خۆی وەربگرێت".

دارای حاجی ئیبڕاهیمی چەرمەگا داوا لە کوێخا دێرین دەکات خۆی رادەستی یاسا بکات و دەشڵێت، "ئەگەر خۆی رادەستکرد، ئێمەش دەتوانین یارمەتی بدەین و بچین داوای لێخۆشبوون لەو کەسە بکەین کە بریندارکراوە، بەڵام ئەگەر بە قسەمان نەکات، دەبێت لەم شارە دانەنیشێت".

چیرۆکەکە چییە؟ بینەری ئەم ڤیتیەی خوارەوە بە.