تەرمی ژنێک لە بەنداوی سێلوێی پیرانشار دۆزرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای چەند کاژێرێک لە دیارنەمانی و سۆراخکردنی، تەرمی ژنێک لە بەنداوی سێلوێ پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان دۆزرایەوە.
 
بە پێی زانیارییە خۆجێیەکان، نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، 11ی شوباتی 2024، ژنێک بە ناوی زولەیخا کەلهووری لە ماڵەکەی دەردەچێت و دوای چەندین کاژیر ناگەڕێتەوە ماڵ، بۆیە بنەماڵە و کەسوکاری ژنەکە پۆلیسی ناوچەکە لە رووداوەکە ئاگادار دەکەنەوە و تیمەکانی پۆلیس و خەڵکی ناوچەکە هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی ئەو ژنە دەستپێدەکەن. 
 
دوای چەندین کاژێر گەڕان، ئێوارەی هەمان رۆژ، هەندێک کەلوپەلی تایبەتی ژنەکە، پێلاو و جانتاکەی لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە لە نزیک بەنداوی سێلوێی پیرانشار دۆزرانەوە.
 
دواتر بە بەردەوامبوونی تیمەکانی بەهاناوەچوون و خەڵکی ناوچەکە لە گەڕان بەدوای ژنەکەدا، شەو تەرمی ئەو هاونیشتیمانییە لە بەنداوی سێلوێ دۆزرایەوە و دوای دەرهێنانی لە بەنداوەکە، بۆ دادپزیشکیی شاری پیرانشار گوێزرایەوە.
 
تا ئێستا لە لایەنی پەیوەندیدارەوە زانیاری پشتراستکراو و فەرمی لەبارەی رووداوەکەوە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بە پێی زانیارییە خۆجێیەکان، ژنەکە بە هۆی ناکۆکیی لەگەڵ مێردەکەی لە ماڵ دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە تا دواجار تەرمەکەی لە نێو بەنداوی سیلوێی پیرانشاردا دۆزرایەوە.