ئەو سەرمایەدارەی 'بە فەرمانی کوێخا دێرین' تەقەی لێکرا چیرۆکی بریندارکردنەکەی دەگێڕێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەحمەد کامیل، ئەو سەرمایەدارەی کۆتایی مانگی رابردوو لە بەردەم یانەی کۆمەڵایەتی سلێمانی تەقەی لێكرا كە گوایە بە فەرمانی كوێخا دێرین بووە، دەڵێت؛ "دوو رۆژ پێش بریندارکردنم زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلارم وەکو سەرانە دابووە کوێخا دێرین."
 
رۆژی دووشەممە، 12ـی شوباتی 2024، ئەحمەد کامیل فەقێ، ئەو سەرمایەدارەی دەگوترێت بە فەرمانی کوێخا دێرین تەقەی لێکرابوو، چۆنیەتیی بریندارکردنەکەی بۆ هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی دەگێڕێتەوە و دەڵێت؛ "دوو کەس هاتن و دەرگای ئۆتۆمبێلەکەمیان کردەوە و گوتیان کارمەندی ئاسایشین، داوای ناسنامەیان لێکردم، دوای ئەوەی سەیری ناسنامەکەیان کرد دەمانچەیان دەرهێنا و تەقەیان لێکردم".
 
ئەحمەد کامیل باس لەوە دەکات کە دوو کەسەکە جلوبەرگی مەدەنییان لەبەربووە و داوای پێناسەی لێکردوون بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە، بەڵام ناسنامەکانیان پێنیشان نەداوە و چوار فیشەکیان بە هەردوو قاچییەوە ناوە و برینداریان کردووە.
 
ئەو سەرمایەدارە دەڵێت، کاتێک دوو کەسەکە هێرشیان کردووەتە سەر، "هیچ داوایەکیان لێ نەکردم و ناوی کەسیان نەهێنا" و دەشڵێت؛ "دوو فیشەک بەر ئێسکی رانێکم کەوتوون و وردیان کردووە، ئێستا پلاتینیان بۆ داناوم".
 
ئەحمەد کامیل رۆژی دوای رووداوەکە داوای یاسایی تۆمارکردووە و وەکو ئاماژەی پێدەدات؛ "دوای دوو رۆژ لە برینداربوونم لە رێگەی هێزە ئەمنییەکانەوە زانیم ئەو دوو کەسە سەر بە کوێخا دێرینن، کە ئاگادارکراینەوە، بە هێزە ئەمنییەکانمان گوت، دوو رۆژ پێش رووداوەکە کوێخا دێرین هاتووەتە سەر پرۆژەکانمان و داوای سەرانەی لێکردووین".
 
دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە؛ "کوێخا دێرین فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە بەتۆمەتی داواکردنی سەرانە و پارە وەرگرتن و ھەڕەشە لە سەرمایەدارێکی سلێمانی."
 
بە گوتەی ئەو سەرمایەدارە؛ "زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلارمان بە سەرانە داوەتە کوێخا دێرین" و دەڵێت؛ "ئێمە خەڵکێکی کاسبکارین و بەدوای کێشەدا ناگەڕێین و دەمانویست بڕوات و لەکۆڵمان ببێتەوە، ئەو وای خۆ دەناساند کە دەسەڵاتی لەو ناوچەیە هەیە، کە پرۆژەکەی ئێمەی لێیە".
 
ئەحمەد کامیل باس لەوە دەکات کە دوای برینداربوونی بافل تاڵەبانی پێوەندی پێوەکردووە و گوتوویەتی: "ئەوەی بەرامبەر ئێوە کراوە، وا بزانە بەرامبەر منیان کردووە و خۆی بە خاوەنی کەیسەکە زانی، دوو رۆژ دوای ئەمە فەرمانی گرتنی کوێخا دێرین دەرچووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کۆمەڵێک چەکداری لەدەور بوو، نەتوانراوە دەستگیر بکرێت".
 
ئەمڕۆ دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دێرین  ئەحمەد دەرکرد و ھێزێکی ئاسایش دەستیان کرد بە رووخاندن و تێکدانی ئەو ماڵ و خانووانەی کە تۆمەتبار بە زێدەڕەویی دروستی کردبوون.
 
ئەحمەد کامیل پێیوایە؛ "ئەو رێکارانەی ئەمڕۆ بەرامبەر کوێخا دێرین گیرایەبەر، دڵنەواییەک بوو بۆ من و کاسبکارانی دیکەی سلێمانی بۆ ئەوەی بتوانن بە سەلامەتی کار بکەن".
 
بەگوێرەی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان؛ "ھەروەھا دادوەر بڕیاریداوە دەست بگیرێت بەسەر ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوزارەوەی تۆمەتبار دێرین ئەحمەد و رووخاندنی سەرجەم ئەو ماڵ و شوێنانەی کە بە زیادەڕۆیی کرابوونە سەر موڵکی گشتی".