رووداو دیجیتاڵ
کەشی بەفرینی زینی وەرتێ سەرنجی گەشتیارانی بەلای خۆیدا راکێشاوە و خێزانەکان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانی دەکەن. هاونیشتمانییان داوا دەکەن پەرە بە شوێنەکە بدرێت و خزمەتگوزاریی بۆ ببردرێت بۆ ئەوەی زیاتر سەرنجی گەشتیاران بەلای خۆیدا رابکێشێت.
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، خێزانێکی شارۆچکەی چوارقوڕنەن، خوانی نیوەڕۆیان هێناوەتە نێو بەفر لە زینی وەرتێ.
عەزیز مستەفا گەشتیارە و دەڵێت، "لەمێژە بەفری وا نەباریوە، ئێمەش خەڵکی چوارقوڕنەین لە حەوزی بیتوێن بەفرێکی وا نابینین، هەر لە شاخەکانە و شاخەکانیش خەڵک بۆ کەش گۆڕین دێن."
ئەو بەرزاییە کارۆخ و قەندیلی لێک دابڕاندوون، بەڵام بووەتە شوێنی بەستنی پەیوەندی و تێکەڵی زیاتر لە نێوان هاونیشتیمانیانی سۆران و راپەڕین.
ئیبراهیم مەحموود، گەشتیارێکە و دەڵێت، "پەیوەندیی کۆمەڵایەتی زۆر دروست دەکات، چونکە ئەم خەڵکە دێ لەو دیوەوە بۆ نموونە ئێمە لەم دیوەوە دێین، هەموو یەکتر دەبینین، ئێستا خەڵک لە سۆرانەوە دێ و لە رانیەشەوە دێن. ئێرە پڕ خەڵک دەبێ و کەشێکی خۆش و شەڕەبەفر دەکەین."
رێگاکە جمەی دێت لە ئۆتۆمبێل و سەر بەرزاییەکانیش پڕ بوون لە خەڵک. نمایشی ئۆتۆمبێل، ئەسپسواری، شایی و هەلپەڕکێ دەکەن، لەنێو ئەو قەرەباڵخیەدا دەرفەتی کاریش رەخساوە.
میرە فرۆشیارە و دەڵێت، "نەک من، زۆر گەنجی دیکە ئێستا لێرە کاریان دەستکەوتووە، لە سەرەوە کاك سەلمانە لێرە کاک وریایە، زۆر گەنجی تر دێن لە خوارەوە کاک ئیسماعیل چایەخانەی هەیە، ئەمانە هەمووی بەهۆی بەفر بارینەوە کاریان دەستدەکەوێ."
وەرتێ خاوەن نێوبانگێکی گەورەیە لە جوانی و فێنکیی کەشەکەی لە هاویندا، دانشتووانی بەهیوای ئەوەن گەشتیاری زستانەشی تێیدا بەرەوپێش بچێت.
شاڵاو حەسەن، دانیشتووانێکی وەرتێیە و دەڵێت، "ئەگەر بێتو لێرە وەبەرهێنان بکرێت هەلی کار بۆ دەیان گەنج دەڕەخسێت کە زانکۆیان تەواو کردووە و بێکارن. دوایی هەموویان دەکەونە سەر کار و سوودی لێ دەبینن."
ئەگەرچی تا ئێستا وەک ناوچەی گەشتیاری نەناسێنراوە و بێبەشە لە هەموو خزمەتگوزارییەک، بەڵام لە پلانی گەشتوگوزاری سنوورەکەدایە بە ناساندنی سەرنجی وەبەرهێنەرانی بۆ رابکێشێت.
پارێز یوسف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری رواندز دەڵێت، "وەرتێ بووە بە براندێک لە هاویناندا، بۆیە لە پلانماندایە زینی وەرتێ گرنگیی زیاتر پێ بدەین، هەوڵدەدەین زۆرترین وەبەرهێن رابکێشین بۆ ئەم ناوچەیە بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە سێکتەری گەشتیاریدا بکەن، بەتایبەت گەشتیاریی زستانە."
زینی وەرتێ وەک سنووری لێک جیاکردنەوەی ئیدارەی سۆران و راپەڕین دادەنرێت و دیوێکی سنووری رانیەیە و دیوی دیکەی سنووری سۆرانە؛ بەرزیی شوێنەکە لە ئاستی رووی دەریاوە 2200 مەترە و کەشوهەوای زستانەشی سەخت و پڕ بەفرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ