سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بۆ رووداو: کوێخا دێرین خۆی لێمان شاردووەتەوە

12-02-2024
پێشەوا بەختیار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەکی باڵای هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، بە تۆمەتی وەرگرتنی سەرانە لە سەرمایەدار و تەقەکردن و بریندارکردنی کوڕی سەرمایەدارێک، بە فەرمانی دادوەر چووین بۆ دەستگیرکردنی کوێخا دێرین عوزێری، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراوە و خۆی شاردووەتەوە.

بە گوتەی ئەو سەرچاوە باڵا ئەمنییە، هێزێکی هاوبەش لە کۆماندۆ و ئاسایشی سلێمانی بە فەرمانی دادوەر چوونەتە ماڵی کوێخا دێرین، بەڵام خۆی لە ماڵەوە نەبووە و خۆی شاردووەتەوە، بۆیە دەست بەسەر موڵک و ماڵەکەیدا گیراوە و داوای لێدەکرێت خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکان بکات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری رووداو کەوتووە، لە چەند رۆژی رابردوودا، کوێخا دێرین عوزێری لە سلێمانی هەڕەشەی لە چەند سەرمایەدارێک کردووە و داوای سەرانەی لێکردوون، دوای ئەوەی ئەو سەرمایەدارانە ئامادە نەبوون سەرانەی پێبدەن، چونکە یەکەمجاری نەبووە، کوڕی یەکێک لە سەرمایەدارانی لە گەڕەکی عەقاریی سلێمانی بە فیشەک بریندار کردووە.

سەرچاوەکە بۆ رووداوی ئاشکرا کرد، هێزە ئەمنییەکان بە فەرمانی دادوەر دەستیان بەسەر موڵک و ماڵەکەیدا گرتووە لەوەی بەناوی کوێخا دێرینەوەیە یان گواستراوەتەوە.

 
هاوکات ئاسایشی سلێمانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی هەوڵی دەستگیرکردنی کوێخا دێرین عوزێری بڵاوکردەوە و دەڵێت، لەسەر داواکردنی سەرانە و پارە وەرگرتن و هەڕەشە لە سەرمایەدارێک فەرمانی دەستگیرکردنی دەرکراوە و بڕیاری دەستگرتن بەسەر ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوازراوەی دراوە.
 
ئەحمەد عەبدولڕەزاق عەلی، کە ئاسایشی سلێمانی بە تۆمەتباری سەرەکی ناساندوویەتی، بەپێی مادەی 405 - 31ی یاسای سزادانی عێراقی، دەستگیرکرا.
 
بەپێی ئاسایشی سلێمانی، رۆژی 05-02-2024 تۆمەتبار ئومێد کەمال کە هاوکاریی ئەحمەد عەبدولڕەزاق عەلی کردووە، دەستگیرکراوە؛ ئەو دوو کەسەش، "بە فەرمانی کوێخا دێرین عوزێری تاوانەکەیان کردووە."
 
کاژێر 12:10 خوولەکی شەوی 29 لەسەر 30-01-2024 لە گۆڕەپانی ئۆتۆمبێلی بەردەم (یانەی کۆمەڵایەتیی سلێمانی) تەقە لە هاووڵاتی ئەحمەد کامیل فەقێ، سەرمایەدار کرا و بەهۆیەوە بریندار بوو؛ دوای رەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوە، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی هێزەکانی سلێمانی دەستیپێکردووە.
 
کوێخا دێرین فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە بەپێی مادەی 405 - 31ی یاسای سزادانی عێراقی، کێشەکەشی وەکو ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، لەسەر داواکردنی سەرانە و پارە وەرگرتن و هەڕەشە بووە لە سەرمایەدارێکی سلێمانی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە