کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری بانە کوژرا

رووداو دیجیتاڵ

هێزی پاسەوانیی سنووری ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە، تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کرد و بەهۆیەوە کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە کوژرا.
 
شەوی 11-02-2024، هێزی پاسەوانیی سنووری ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانەی سەر بە پارێزگای سنە، بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک دەستڕێژی گوللـەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کرد، یەکێکیان بە ناوی سەیوان سەحیحی، کە تەمەنی 20 ساڵە گیانی لە دەستدا.
 
سەیوان سەحیحی، خەڵکی گوندی بەلەکێی سەر بە شاری بانە بووە و دوای کوژرانی تەرمەکەیان گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیوبی و دواتر رادەستی کەسوکاری کردووەتەوە.
 
بەپێی راپۆرتی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ساڵی 2023دا لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا، لانیکەم 41 کۆڵبەر کوژراون و 293 کۆڵبەر دیکەش بریندار بوون.
 
بەپێی ئەو راپۆرتە ساڵی 2022یش 46 کۆڵبەر گیانیان لەدەستدابوو و244 کەسیش بریندار ببوون.
 
بەشێک لەو کۆڵبەرانە بە هۆکاری وەک تەقینەوەی مین، رووداوی هاتووچۆ، رەقبوونەوە، کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی چەند هۆکارێکی دیکە گیان لە دەستدەدەن و بریندار دەبن، بەڵام لەو راپۆرتەدا گوتراوە 85.5% کۆڵبەرەکان بە تەقەی هێزەکانی ئێران دەکوژرێن و بریندار دەکرێن.
 
بەپێی راپۆرتەکە، لە ماوەی 7 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 460 کۆڵبەر کوژراون و زیاتر لە هەزار و 400 کۆڵبەریش بریندار بوون، بەڵام هیچ تەقەکەرێک لەلایەن دامودەزگا دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دادگەیی نەکراون.