کەی کۆد بۆ دامەزراندن لە پاسەوانی سنوور دەگەڕێتەوە؟


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور رایدەگەیێنێت، "تائێستا هیچ زانیارییەکی نوێ بەردەست نییە لەبارەی بابەتی دامەزراندن لە پاسەوانی سنوور" و ئەو دەنگۆیانەش رەتدەکاتەوە کە باس لە هاتنەوەی کۆد دەکرێت بۆ ئەو کەسانەی فۆرمەکەیان پڕکردووەتەوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-02-2023، عەقید کاروان خۆشناو، گوتەبێژی ناوچەی یەكی پاسەوانی سنووری عێراق بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "تائێستا روون نییە ناوی ئەو کەسانە کەی دەگەڕێتەوە کە لینکی دامەزراندنیان لە پاسەوانی سنوور پڕكردووەتەوە". دەشڵێت، کۆد بۆ هیچ کەسێک نەگەڕاوەتەوە و "پرۆسەکە لای وەزارەتی ناوخۆی عێراقە و کارەکان هێشتا کۆتاییان پێنەهاتووە"
 
ماوەیەکە لە لایەن هەندێک خەڵکەوە پەیوەندی بەو کەسانەوە دەکرێت کە فۆرمەکانیان پڕکردووەتەوە و داوای پارەیان لێدەکرێت، بەڵام کاروان خۆشناو دەڵێت، ئەوەی دەکرێت "فێڵە" و داوادەکات هیچ کەسێک پارە بەوانە نەدات.
 
گوتەبێژی ناوچەی یەكی پاسەوانی سنووری عێراق راشیگەیاند، "تائێستا دوو ملیۆن و 182 کەس فۆرمەکەیان پڕکردووەتەوە و لەو ژمارەیەش تەنیا 2621 كەس لە پاسەوانی سنوور دادەمەزرێن، بەڵام دیارنییە کە لەو ژمارەیە چەندی بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت، بەڵکو دوای تەواوكردنی رێكارەكان لەلایەن دەستەیەكی تایبەتی وەزارەتی ناوخۆوە کۆدێک بۆ ئەوکەسانە دەنێردرێت کە شایستەی دامەزراندنن و مەرجەکان دەیانگرێتەوە و دواتر چاوپێكەوتنیان لەگەڵ دەكرێت".
 
رۆژی 16ـی کانوونی دووەمی 2023، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق لینکی فۆرمی دامەزراندنی لە پاسەوانی سنووری کارا کرد و پرۆسەکە تاوەکو 18ـی کانوونی دووەم بەردەوام بوو، مەرجی سەرەکیی پێشکێشکردنیش ئەوە بوو کە دەبێت کەسەکە خۆی و دایک و باوکی عێراقی بن، ئەمەش بەپێی بڕگەی یەکەمی ماددەی پێنج لە یاسای خزمەتکردن و خانەنشینی لە دەستووری عێراقی.
 
دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دامەزراندنی پاسەوانانی سنووری لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی دووشەممە، 16-01-2023، لینکی پڕکردنەوەی فۆرمی دامەزراندن لە پاسەوانی سنوور کاراکرا و رۆژی 18-01-2023 کاژێر 12:00ـی شەو راگیرا.
 
بەپێی زانیارییەکانی پاسەوانی سنوور؛ زیاتر لە 12 ملیۆن کەس سەردانی لینکەکەیان کردبوو، لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 182 هەزار کەس خۆیان ناونووس کردبوو، کە بڕیارە دوو هەزار و 621 کەس لە هەموو عێراق دابمەزرێن. 
 
دامەزراندنی ئەو پاسەوانانە تایبەتە بۆ ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور کە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی بە درێژایی نزیکەی هەزار و 30 کیلۆمەتر دەگرێتەوە.
 
مەرجەکانی دامەزراندنەکە بریتین لە: کەسەکە دەبێت تەمەنی لەنێوان 17 ساڵ بۆ 35 ساڵ بێت، لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت، فۆرمەکە بە زمانی عەرەبی پڕبکاتەوە و تەنیا پێویستە بڕوانامەی سەرەتایی و دواناوەندیی هەبێت.